Accessibility links

بلینکن بە عەباس دەڵێت ئەمەریکا پشتگیری لە "هەنگاوێکی تۆکمە" دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی کۆبووەوە و پێی ڕاگەیاند واشنتن پشتیوانی لە "هەنگاوێکی تۆکمە" دەکات بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی.

ماتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بلینکن هەڵوێستی لەمێژینەی واشنتنی دووپاتکردەوە کە دەوڵەتێکی فەلەستینی دەبێت شانبەشانی ئیسرائیل بوەستێت و "هەم لە ئاشتی و هەم لە ئاسایشدا بژی".

دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی لە دوای ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لە ساڵانی نەوەدەکاندا پێشبینی دەکرا، بەڵام ساڵانێکە دانوستانەکان وەستاون.

حکومەتی ئیسرائیل هیچ ڕەزامەندییەکی خۆی بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکان نیشان نەداوە و سەرکردایەتی فەلەستینیش لە نێوان دەسەڵاتی فەلەستین کە عەباس سەرۆکایەتی دەکات و حەماس کە حوکمڕانی غەززە دەکات دابەش بووە.

بەگوێرەی دەزگای هەواڵی فەرمی فەلەستینی وەفا، عەباس کەرتی غەززەی بە "بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتی فەلەستین" وەسف کردووە.

چەند هەفتەیەکە گفتوگۆکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای جەنگ بەردەوامە، هەرچەندە ئیسرائیل هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە شەڕەکە بۆ چەند مانگێک درێژە بکێشێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG