ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) کۆدەبێتەوە و پاشان بەرەو ئیسرائیل دەڕوات، لە کاتێکدا هەوڵی بەدەستهێنانی هاوکاری زیاتری مرۆیی بۆ غەززە و پاراستی هاووڵاتیانی سیڤیل دەدات دەشخوازێت دڵنیابێت لەوەی ململانێکان تەشەنە نەکات بۆ ناوچەکانی دیکەی هەرێمەکە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بلینکن لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ ڕێبەری ئیمارات، شێخ محەمەد بن زاید، "جەختی لە گرنگی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ململانێکان کردووەتەوە و جەختی لە بەردەوامیی پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی ناوچەیی هەمیشەیی کە ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر دەکات و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بەرەوپێش دەبات."
بلینکن بڕیارە لە عەرەبستانی سعودیەش لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی وڵاتەکە گفتوگۆ بکات.
لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووهەمی ئوردن و میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، وەزییری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە پێویستە ئیسرائیل زیانە سڤیلییەکان سنووردار بکات لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە و بە شێوەیەکی بەرچاویش یارمەتییە مرۆییانەی بۆ لێقەوماوانی فەلەستینی زیادبکرێت.
بەڵام ئەمەریکا بەردەوام بوو لە پشتگیریکردنی ئیسرائیل لە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی وڵاتە عەرەبەکان بۆ ئاگربەست بۆ وەستاندنی شەڕەکە.
ئیسرائیل بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە شەڕەکە تا ئەو کاتەی دڵنیابێت لەوەی هێرشەکانی داهاتووی بزووتنەوەی حەماس بنبڕبکێت و ئەو گرووپە چەکدارە چیتر کۆنترۆڵی غەززە نەکات.
دادگای شاهانەی ئوردن ڕایگەیاندووە، شا عەبدوڵڵا "هۆشداری داوە لە کاردانەوەی کارەساتبار"ی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە دژی حەماس لەکاتێکدا داوای لە ئەمەریکا کردووە فشار بەرێت بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ.
بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، پێیان وایە ئاگربەست تەنیا ڕێگە بە حەماس دەدات بتوانێت لە شەڕی دژی هێزەکانی ئیسرائیلدا خۆی ڕێکبخات.
بلینکن لەکاتێکدا لە عەممان بوو، سەردانی کۆگایەکی بەرنامەی خۆراکی جیهانیشی کرد کە بارهەڵگرەکان لەوێ پڕکرابوون لە پێداویستییەکان بۆ خەڵکی برسی فەلەستینی لە غەززە.
بلینکن گوتی "هەوڵەکان لێرە بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی خۆراک بەسەر ئەو کەسانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی زۆر گرنگە. ئەمەریکا لە ڕۆژی یەکەمەوە کاردەکات بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ غەززە".
ئەمەریکا داوای ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی بۆ هەردوو ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەکات. ئەمەش بریتییە لە بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانی فەلەستین - بەتایبەتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەگەڵ دڵنیایی ئاسیشی بۆ ئیسرائیل.
گەشتەکەی بلینکن لە کاتێکدایە کە مەترسی ململانێیەکی ناوچەیی فراوانتر لە زیادبووندایە، سەرەڕای هەوڵە بەکۆمەڵەکانی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی بۆ قەتیسکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە.
ئیسرائیل هەڵمەتی سەربازی خۆی بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس 7ی مانگی دەدا هێرشێکیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و 1200 کەسیان کوشت و دەیان کەسیشیان بە بارمتە گرت.
وەزارەتی تەندروستی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس دەڵێت لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە 22 هەزار فەلەستینی کوژراون کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن.