وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی لەگەڵ ڕابەرانی ئیسڕائیلدا تاوتوێی " ڕێگەیەکی پێشوەچوون دەکات "، ئەمەش هاوکاتی هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگەکەی ناو غەززە بە ناوچەکەدا و لە هەمان کاتیشدا هەوڵێکە بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئیسڕائیل کاری زیاتر بکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و کارئاسانی کردن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە.
بلینکن لە پاڵ سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگدا وتی دەرفەتێکی دەبێت چاوی بە خێزانەکانی هەندێک لەو بارمتانە بکەوێت کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون، هەروەها دەرفەتێکی دەبێت ئەو شتانەی کە لە ماوەی گەشتەکەیدا و لە ڕابەرانی دیکەی وڵاتانی ناوچەکەوە بیستوونی بە ڕابەرانی ئیسڕائیل بڵێت، بلینکن لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی هەریەک لە تورکیا و یۆنان و قەتەڕ و ئیماڕات و سعودیەی کردووە.
هێرزۆگ سوپاسی ئەمەریکای کرد لەسەر " وەستانی جێگیری لە پاڵ ئیسڕائیلدا " و وتی " جەنگەکە دژی حەماس جەنگێکە کە کاریگەریی لەسەر بەها نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی جیهانی ئازاد دەبێت."
هەروەها هێرزۆگ ئەو سکاڵا یاساییەی ڕەت کردەوە کە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمار کراوە و تێیدا ئیسڕائیل تۆمەتبار دەکرێت بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی فەلەستینییەکان لە غەززە، وتی تۆمەتەکان " دڕندانە و بێ بنەمان."
دانیشتنەکان سەبارەت بەو دۆسییەیە ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکەن، هێرزۆگ وتی ئیسڕائیل " بە شانازییەوە دۆسییەکەمان کە سەبارەت بە بەرگریکردنە لە خۆمان پێشکەش دەکات، ئەوەش لە ژێر مافی خۆماندا بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەکان."
بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە ئیسڕائیل کردووە کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە، ئەو پەیامەش یەکێک بوو لەوانەی کە بلینکن پلانی هەبوو لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژی سێشەممەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیل دووبارەی بکاتەوە.
بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن نزیکەی 23,000 فەلەستینی بەهۆی بۆردومان و هێرشە زەمینییەکەی ئیسڕائیلەوە لە غەززە کوژراون، دەڵێت زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئیسڕائیل حەماسی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کارەکانی لە ناوچەکانی دانیشتواندا، لەوانەش، بەکارهێنانی تونێلەکان لە ژێر شارەکاندا. هێرزۆگ وتی ئیسڕائیل " هەرچی لە توانایدا بێت لەو دۆخە زۆر ئاڵۆزەدا دەیکات " بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ قوربانییەکی سڤیل نەبێت.
ڕۆژی دووشەممە بلینکن وتی ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوورن لەسەر ئەوەی ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی جەنگەکەی غەززە بە ناوچەکەدا و بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر " دانانی ڕێگەیەکی سیاسیی بۆ بەرەوپێشچوونی فەلەستینییەکان " کۆکن.
بلینکن لە سعودیە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کەناری ڕۆژئاوا و غەززە دەبێت لە ژێر فەرمانڕەواییەک بە ڕابەرایەتی فەلەستینییەکان یەکبخرێنەوە."
وتی " داهاتووی ناوچەکە پێویستی بە یەکخستنەوە هەیە، نەک دووبەرەکی و ململانێ. بۆ ئەوەی کە ئەوەش ڕووبدات، دەبێت دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینییەکان ببینین."
دوابەدوای گفتوگۆکانی لەگەڵ بلینکندا، شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان تیشکی خستەسەر گرنگیی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە و پێویستییەکان بۆ دروستکردنی ژینگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات، بلینکن وتی " گرنگییەکی ئاشکرا " هەیە لە سعودیە، لە ناوچەکەشدا، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بەڵام " ئەوە پێویستی بەوەیە جەنگەکە لە غەززە کۆتایی بێت، هەروەها بە ئاشکرا پێویستی بەوەشە کە ڕێگەیەکی کرداریی هەبێت بەرەو دەوڵەتێکی فەلەستینی."
لە نێوەندی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، سعودیە گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ڕاگرت.
ڕۆژی دووشەممە دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان، کە ئەوەش نوێترین ئاماژە بوو لەسەر ئەگەری فراوانبوونی ململانێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا بە ئاشکرا لەگەڵ ئەوەدا نیە ببینێت ئیسڕائیل یاخود لوبنان یاخود حیزبوڵا پەرە بە شەڕەکەی ناو غەززە بدەن بۆ دەرەوە و " ئیسڕائیلییەکانیش ڕوون بوون لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر ئەوەی کە دەیانەوێت ڕێگەیەکی دیبلۆماتی بدۆزنەوە تاوەکو بەرەوپێشەوە بڕۆن."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا