Accessibility links

دوای ڕێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس، چاوی جیهان لەسەر غەززەیە


حکومەتی ئیسرائیل و حەماس ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی زیندانییەکان و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ شەڕ و پێکدادانەکان ڕادەگرن.

هەردوولا بڕیاریاندا لەم ماوەیەدا ئیسرائیل 150 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات و حەماسیش 50 زیندانی ئازاد بکات.

لە کۆتایی هەفتەوە، قەتەر، ئەمەریکا، ئیسرائیل و حەماس کار لەسەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەکەن.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شەڕەکە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ ڕادەگیرێت و 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکرێن.

بۆ ئازادکردنی هەر 10 بەندکراوێکی دیکەش، ئاگربەستەکە ڕۆژێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە، بەڵام نازانرێت زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکرێن یان نا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە سەرجەم بارمتەکان بگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەم ڕێککەوتنەی پەسەند کردووە".

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 ژن و منداڵی فەلەستنی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات.

حەماس ڕاشیگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکە سەدان بارهەڵگر لە یارمەتی مرۆیی و دەرمان و سووتەمەنی ڕەوانەی غەززە دەکرێن.

هەروەها جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هاوڕایی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە دەربڕی و ڕایگەیاند "بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی تا ئەو کاتەی سەرجەم زیندانییەکان ئازاد دەکرێن."

حکومەتی قەتەر کە نێوەندگیری ڕێککەوتنەکە دەکات، ڕایگەیاند بەم زووانە ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنرێت.

XS
SM
MD
LG