حکومەتی ئیسرائیل شەوی سێشەممە ڕێککەوتنێکی بە مەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس، پەسەند کرد.
بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی 4 ڕۆژ هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕادەگرێت، لەبەرامبەریشدا لانیکەم 50 ئیسرائیلی کە لە 7ی مانگی دەوە لە ژێر دەستی حەماسدان ئازاد دەکرێن. باس لەوەش کراوە کە زۆربەی ئەو قوربانیانە ژن و منداڵن.
جگە لە زیندانییە ئیسرائیلییەکان، ژمارەیەک لە زیندانییە فەلەستینییەکانیش کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، ئازاد دەکرێن. بەڵام لە بەیاننامەکەی حکومەتی ئیسرائیلدا ڕاستەوخۆ باسی وردەکارییەکانی نەکردووە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەکەدا، ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش ڕێگەی پێدەدرێت دەستیڕابگات بە گیراوەکانی دیکە کە لەلایەن حەماسەوە گیروان.
حکومەتی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە، 239 لەلایەن حەماسەوە گیراون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێش پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆڵی هەیە لە باشترکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی ئیسرائیلی، ڕەنگە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە پرۆسەی ئازادکردنی ئەو زیندانیانە دەست پێبکات. بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل کاتێکی دیاریکراویان ڕانەگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هێڕشەکانی لە غەززە تا ئەو کاتەی دیلە ئیسرائیلییەکان بە فەڕمی دەگوازرێنەوە بۆ ئیسرائیل.
سەرچاوە: سی ئێن ئێن، ئۆرشەلیم پۆست