Accessibility links

ئیسرائیل لیستی ناوی 300 فەلەستینی ڕادەگەیەنێت کە دەشێت ئازاد بکرێن


دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەماسدا، ئیسرائیل لیستی ناوی 300 فەلەستینی بڵاوکردەوە کە دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد بکرێن.

لەو لیستەدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە ناوی زیندانییەکان و تەمەنیان و هۆکاری دەستگیرکردنیان نووسراوە.

زۆربەی ناوەکانی ناو لیستەکە تەمەنیان 17 بۆ 18 ساڵە و لە کۆی 300 کەسەکە 274 کەسیان پیاون.

ئەو زیندانیانە بە تاوانی وەک هەوڵدان بۆ کوشتن، فڕێدانی بۆمب، دروستکردنی تەقەمەنی، فڕێدانی بەرد و سووتاندن تۆمەتبارکراون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت، نزیکەی حەوت هەزار فەلەستینی لە ئیسرائیل زیندانی کراون، لەو ژمارەیەش 200 کەسیان ژنن و 60 کەسیان منداڵن.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە حکومەتی ئیسرائیل و حەماس لە بەرامبەر ئازادردنی 50 بارمتەی ئیسرائیلی کە لە دەمی هێرشەکەی 7ی مانگی 10 لەلایەن حەماسەوە گیراون، 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.

هەردوولا بە مەبەستی ئازادکردنی زیندانییەکان و بارمتەکان چوار ڕۆژی ئاگربەست ڕادەگەیەنن.

چاوەڕوان دەکرێت ئاگربەستەکە لەماوەی 24 کاتژمێری پاش ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەندرێت.

XS
SM
MD
LG