ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە زاری گەواهیدەرانەوە بڵاویکردووەتەوە، تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە دەوروبەری گەڕەکی زەیتون لە شاری غەززە و جادەی سەڵاحەدینیان بڕیوە کە ڕێگەی سەرەکی نێوان هەردوو بەشی باکور و باشوری کەرتی غەززەیە. دەشڵێن هەر چ ئۆتۆمبیلێک بەو لایەدا ڕۆیشتبێت تەقەیان لێکردووە.
پێشتر ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی سیڤیلی بەشی باکوری کەرتی غەززە کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو بەشی باشوری کەرتی غەززە بڕۆن، چونکە ئەو بەشە دەکەوێتە بەر هێرشێکی گەورەی لەشکری ئیسرائیلەوە.
ڕاگەیاندنی حەماس لەم بارەیەوە دەڵێت بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی زەمینییەوە پێشڕەوییان نەکردووە و ئەوەی لە جادەی سەڵاحەدین بووە، چەند تانکێک بوون لەگەڵ بلدۆزەرێک لە دیوی (جوحر ئەلدیک) لە بەشی ڕۆژهەڵاتی غەززەوە هاتوونەتە ناوەوە و لە 2 ئۆتۆمبیلی سیڤیلیان داوە و چاڵێکیان لە شەێنێکدا جادەکەیان هەڵکەنیەوە و گەڕاونەتەوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئیسرائیل هیچ ڕاگەیاندنێکی لەم باریەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام کاپتن ئیلا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی عەرەبی لەشکری ئیسرائیل لە ڕێگەی ئێکسەوە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو نزیکەی 600 شوێنی حەماس کەوتوونەتە بەر هێرشی لەشکری ئیسرائیل و دەیان چەکداری حەماس کوژراون کە خۆیان لە نێو باڵەخانە و تونێلەکاندا حەشاردابوو.
لە لایەکی دیکەوەکەوە، وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەززە دەڵێت هەتا ڕۆژی دووشەممە بە لای کەم 8306 کەس کوژراون کە لە نێویاندا 3457 منداڵ هەن.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێسەوە وەرگیراون.