دادوەرێکی فیدراڵی ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاریدا دادگاییکردنی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ،2020 لە مانگی سێی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.
دادوەری ناوچەیی ئەمەریکا تانیا چوتکن چواوری مانگی سێی بۆ ئەو دادگاییکردنە دیاری کرد و ئەو بەروارانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن داواکاری گشتی و پارێزەرانی بەرگرییەوە پێشنیارکراون.
داواکاری گشتی ویستبووی دانیشتنەکە لە ٢ی مانگی 1 دەستپێبکات، لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی باڵای سوێندخۆران لە مانگی 12 دەستنیشان بکرێن، لەکاتێکدا تیمی بەرگری ترامپ هەوڵیدا تا مانگی چواری 2027 دوابخرێت.
بڕیارەکەی چوتکن کە لە میانەی دانشتنێکی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیەندرا، دادگاییکردنەکە دەخاتە ناوەڕاستی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2024 کە تێیدا ترامپ کاندیدی پێشەنگی کۆمارییەکانە. هاوکاتیشە لەگەڵ هەڵبژاردنە بەراییەکان کە بە سێشەممەی سەرەکی ناسراوە و دەنگدەرانی زیاتر لە دەیان ویلایەت دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکانی پارتەکانیان بۆ سەرۆکایەتی.
ترامپ لە چوار دۆسێی تاوانکاریدا تۆمەتبار کراوە کە بریتین لە پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە حکومەتی ئەمەریکا و پیلانگێڕی بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوشوێنی فەرمی.
لە سەرەتای مانگی هەشتدا لە کاتی ئامادەبوونی لە دادگا دانی بە تاواندا نەنا.
لە دۆسێکانی دیکەدا بڕیارە ترامپ لە کۆتایی مانگی سێدا لە ویلایەتی نیویۆرک دادگایی بکرێت لە پەیوەندی لەسەر دۆسێی پێدانی پارە بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن بۆ بێدەنگکردنی لە دەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2016.
دادوەرێکی فیدراڵی لە ویلایەتی فلۆریدا وادەی دادگاییکردنی مانگی پێنجی دیاریکرد لە دۆسیەیەکدا کە تیایدا ترامپ تۆمەتبارە بە هەڵگرتنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماڵەکەیدا لە فلۆریدا دوای ئەوەی پۆستەکەی بەجێهێشت و ڕێگری لە لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵی بۆ ئەو بابەتە کردووە. ترەمپ لەو دۆسیەیەشدا دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە.
داواکارانی گشتی لە جۆرجیا پێشنیاری وادەی دادگاییکردنی سەرەتای مانگی سێیان کردووە لە دۆسیەیەکیدا ترامپ و 18 کەسی دیکە بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020 تۆمەتبارکراون. تائێستا هیچ دادوەرێک ڕاینەگەیاندووە پرۆسەی ئەو دادگاییکردنە کەی دەستپێدەکات.
بڕیارە دادوەرێکی فیدراڵی لە ئەتلەنتا ڕۆژی دووشەممە گوێ لە قسەکانی مارک میدۆس، سەرۆکی پێشووی کارمەندانی کۆشکی سپی لە دەمی سەرۆکایەتی ترامپ، بگرێت. میدۆس لەو کەسانەدایە کە لە دۆسیەی جۆرجیادا تۆمەتبارکراون.
پارێزەرانی میدۆس دەڵێن، کارەکانی وەک بەشێک لە ئەرکەکانی وەک سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا داواکارانی گشتی دەڵێن میدۆس لە دەرەوەی ئەرکە فەرمییەکانی مامەڵەی کردووە و کارەکانی نایاسایی بوون.
بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس و فرانس پرێس وەرگیراوە.
ڕاپۆرتی مەسعود فەریڤەر-دەنگی ئەمەریکا