Accessibility links

ترامپ یەکەم سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکا کە دەستگیرکرابێت و لە زینداندا وێنە و پەنجەمۆری لێوەرگیرابێت


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئێوارەی پێنجشەممە، 24ی مانگی هەشت لەسەر تۆمەتی هەوڵدان بۆ "گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020ی ئەمەریکا، خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی زیندانی فۆڵتن لە شاری ئەتڵانتای ناوەندی ویلایەتی جۆرجیا کرد.

سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای ئەوەی بە ڕێوشوێنە پێویستەکاندا تێپەڕی، لەوانە وێنەگرتن لە زیندان و ڕاگرتنی بۆ ماوەی 20 خولەک، بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلار ئازادکرا.

ترامپ کە یەکێکە لە کاندیدەکانی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024، دوای جێهێشتنی زیندانی فۆڵتن لە فڕۆکەخانەی ئەتڵانتا گوتی "من بە قووڵی باوەڕم وایە ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر دڵتەزێنە بۆ ئەمەریکا، هەرگیز نەدەبوو ئەمە ڕووبدات."

ترامپ یەکەم سەرۆک کۆمارە لە مێژووی ئەمەریکا کە دەستگیرکرابێت و لە زینداندا "وێنەی دەستگیرکردن" و "پەنجەمۆر"ی لێوەرگیرابێت.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبێت تەحەدای دەرئەنجامی هەڵبژاردن بکات، وەک ئەوەی زۆر کەسی دیکە کردوویانە.

ترامپ بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت گوتی "هەوڵ دەدەن دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی (2024ی سەرۆکایەتی) بکەن. پێشتر ئەمە ڕووی نەداوە. ئەم شێوازە بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنیان. ئامادەبوونم لێرە (زیندانی فوڵتنی ئەتڵانتا) یەکێک لەو شتانەیە و سێ شتی دیکەشیان ماوە."

ئەمە چوارەم دۆسیەی تاوانی دانۆڵد ترامپ بووە لە چەند مانگی ڕابردوودا. ترامپی تەمەن 77 ساڵ یەکەم سەرۆکە لە مێژووی ئەمەریکادا کە دوای ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. جگە لە جۆرجیا، لە ویلایەتی فلۆریدا و واشنتن و نیویۆرکیش ڕووبەڕووی تۆمەتی فیدراڵی بووەتەوە.

ئامادەبوونی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە زیندانی ئەتڵانتا جیاواز بوو لە دۆسیەکانی تری ترامپ. لە سێ حاڵەتی دیکەدا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە ڕۆژدا ڕۆیشتووەتە دادگا، بەڵام ئەمجارەیان ئێوارەی پێنجشەممە لەبری دادگا خۆی ڕادەستی بەرپرسانی زیندانی فۆلتنی شاری ئەتڵانتا کرد.

لەم دۆسیەیەدا دانۆڵد ترامپ و 18 بەرپرسی پێشوو و پارێزەر و یاریدەدەر و کارمەندانی نووسینگەی هەڵبژاردن و ئەندامانی ناوخۆیی پارتی کۆماری تۆمەتبارن بەوەی کە کردەوەی نایاسایییان ئەنجامداوە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2020دا.

چەند کەسێک لە تۆمەتبارەکانی ئەم دۆسیەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆیان ناساندووە بە زیندانەکە و ڕۆژی هەینیش تۆمەتبارەکانی دیکە بڕیارە خۆیان بە زیندان بناسێنن.

دادگاییەکەی ئێوارەی پێنج شەممە لە کاتێکدا بووکە یەکەم دیبەیتی نێوان هەشت کاندیدی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 بەبێ ئامادەبوونی دانۆڵد ترامپ بەڕێوەچوو.

سەرچاوەکان/ئەسۆشیەیتد پرێس/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG