لێکۆڵەرانی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند کە پشکنینە بۆماوەییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەنێو ئەو 10 کەسەدا بووە کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا لە هەفتەی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە.
دەزگای فڕۆکەوانی ڕوسیا پێشتر ناوی هەر 10 کەسی ناو ئەو فڕۆکە تایبەتەی بڵاوکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە لە ناوچەی تڤێر لە باکووری ڕۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە. لە نێویاندا پریگۆژین و دیمیتری ئوتکینیش کە کەسێکی نزیک لە پریگۆژین بوو و یارمەتی دامەزراندنی گروپی ڤاگنەری دابوو.
لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەی خۆیدا لە تەلەگرام ڕایگەیاندووە "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ناوچەی تڤێر، لێکۆڵینەوە بۆماوەییەکان تەواو بوون."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی ئەنجامەکانیان ناسنامەی هەر 10 قوربانییەکە دیاریکرا، بەپێی ئەو لیستەیە کە لە بەڵگەنامەی گەشتەکەدا دیاریکراوە".
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا باسیان لەوە نەکردووە کە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی لە ئاسمانەوە چی بووە.
سەرچاو: ڕۆیتەرز