بەرپرسانی فریاکەوتنی ڕووسیا ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بازرگانی کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێگای مۆسکۆوە بەرەو سان پترسبۆرگ دەڕۆشت کەوتە خوارەوە و هەر 10 کەسی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا. بەرپرسان دەڵێن، یێڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر لە لیستی سەرنشینەکاندا بووە، تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا یەکێک بووە لەوانەی ناو فڕۆکەکە کە گیانی لەدەستداوە یانا نا.
ڕاپۆرتە میدیاییە پشتڕاستنەکراوەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکەکە هی پریگۆژین، دامەزرێنەری کۆمپانیای سەربازی تایبەتی ڤاگنەر بووە.
ڕێکخەری فڕۆکەوانی مەدەنی ڕووسیا، ڕۆزاڤیاتسیا، ڕادەگەیەنێت کە پریگۆژین لە لیستی سەرنشینەکاندایە. بەڵام یەکسەر ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا سواری فڕۆکەکە بووە یان نا.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ڕووسیا تاس بە پشتبەستن بە بەرپرسانی فریاگوزاری ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەکە سێ فڕۆکەوان و حەوت سەرنشینی هەڵگرتووە. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند، بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن، کە لە ناوچەی تڤێر زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە باکووری مۆسکۆ ڕووی داوە.
پریگۆژین کە هێزە سەربازییە تایبەتەکەی ڤاگنەر شانبەشانی سوپای ئاسایی ڕووسیا لە ئۆکرانیا شەڕی کرد، لە کۆتایی مانگی شەشدا یاخیبوونێکی چەکداری کورتخایەنی دژی سەرکردایەتی سەربازی ڕووسیا ئەنجامدا.
کرێملین ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دووردەخرێتەوە بۆ بیلاڕووس و چەکدارەکانی یان خانەنشین دەبن،یان دەچەن لەگەڵیدا بۆ ئەوێ و یان دەچنە نێو سوپای ڕووسیاوە.