کرێملن ڕایگەیاند پیامەکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی گروپی بەکرێگیراوی سەربازیی ڤاگنەر یەڤیگنی پریگۆژین بە فەرمانی کرێملن کوژراوە " بە تەواوەتی درۆن"، هاوکات ڕەتی کردەوە بە تەواوەتی مەرگی پریگۆژین پشتڕاست بکاتەوە، وتی پێویستە چاوەڕێی ئەنجامەکان بکەین.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ڕووسیا وتوویەتی پریگۆژینی سەرۆکی ڤاگنەر یەکێک بووە لە سەرنشینەکانی ئەو فڕۆکەیەی کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە باکووری ڕۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانییان لە دەستدا.
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی ئەو کەسانە کرد کە لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەدا گیانییان لە دەستدا.
پوتن وتی " بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان "، پریگۆژین و یاریدەدەرە باڵاکانی لە گروپی بەکرێگیراوی ڤاگنەر کوژراون، هاوکات لەگەڵ ستایشکردنی پریگۆژیندا وتیشی "چەند هەڵەیەکی مەترسیداریشی " کردووە.
سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا و شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن پوتن فەرمانی کردووە پریگۆژین بکوژرێت تاوەکو سزا بدرێت لەسەر کودەتاکەی دژی سەرکردایەتی سوپای ڕووسیا.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ئەو تۆمەتانە و چەندین تۆمەتی دیکەی وەکو ئەوە ڕاست نین.
پێسکۆڤ وتی "ئێستا گومانێکی زۆر هەیە سەبارەت بە کەوتنە خوارەوەی ئەم فڕۆکەیە و مردنی کارەساتاوی سەرنشینەکانی، بە یەڤیگنی پریگۆژینیشەوە. بێگومان لە ڕۆژئاوا ئەم گومانانە لە گۆشەیەکەوە سەرچاوەیان گرتووە کە بەباشی ناسراوە."
وتی " هەموو ئەمانە بە تەواوەتی درۆن."
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا کرێملن هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەڕمی پێگەیشتووە سەبارەت بە مردنی پریگۆژین، پێسکۆڤ وتی " ئەگەر بەباشی گوێبیستی بەیاننامەکەی سەرۆکی ڕووسیا بووبیت، ئەو وتی سەرجەم پشکنینە پێویستەکان بە پشکنینی بۆماوەییشەوە، ئێستا ئەنجام دەدرێن. بە زووترین کات دوای ئەوەی ئەنجامە فەڕمییەکان ئامادە دەبن بۆ بڵاوکردنەوە، بڵاودەکرێنەوە."
پێسکۆڤ وتیشی پوتن لەمدواییانەدا لەگەڵ پریگۆژیندا کۆنەبووەتەوە، ئاماژەشی بەوەدا هێشتا دیار نیە پشکنین و لێکۆڵینەوەکان چەند دەخایەنن.
هەواڵگری سەربازیی بەڕیتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێشتا بەڵگەیەکی تەواو ڕوون نیە لەسەر ئەوەی پریگۆژین لە فڕۆکەکەدا بووبێت، بەڵام " ئەگەرێکی زۆر هەیە " مردبێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش وتی بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی خۆی، پریگۆژین کوژراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز