Accessibility links

کاربەدەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ڕووسیا دەکات ڕێز لە یاسای مرۆیی لە ئۆکرانیا بگرێت


ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە داوای لە ڕووسیا کرد ڕێز لە یاسا مرۆییەکان بگرێت، دوای ئەوەی بەڵگەکانی خستەڕوو کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی دژی خەڵکی مەدەنی لە ئۆکرانیا بڵاوکرابووەوە.

ئەرکی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی زیاتر لە 900 کەسی مەدەنی ڕاگەیاندووە لە نێوان دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا لە 24 ی مانگی دووی 2022 وە هەتا 23ی مانگی پێنجی ئەم ساڵ، و هەروەها لەسێدارەدانی 77 کەسیشیان بەبەڵگە کردووە.

ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاند "زیاتر لە 90%ی ئەو دەستگیرکراوانەی کە لەلایەن فیدراسیۆنی ڕووسیاوە دەستبەسەرکراون و توانیومانە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکەین، ڕایانگەیاندووە کە ئەشکەنجەدرون و خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە تەنانەت لە هەندێک باردا لەلایەن کارمەندانی ئاسایشی ڕووسیاوە توندوتیژی سێکسیشیان لەگەڵدا کراوە ".

"ئەم بەڵگانە ئامادەبوانی شۆک کرد. ئەوان داوای ڕێوشوێنی کۆنکرێتی دەکەن لەلایەن فیدراسیۆنی ڕووسیاوە بۆ ڕێنماییکردن و دڵنیابوون لە پابەندبوونی ئەندامانی هێزەکانی ڕووسیا بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە."

هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن نوێنەرایەتی هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ نەدراوە، هەرچەندە ڕووسیا ڕەتیکردووەتەوە کە دڕندەیی ئەنجامدابێت و بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئۆکرانیا هاوکاری تەواوی بۆ دەستڕاگەیشتنی لێکۆلەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوو جگە لە یەک ڕووداو، لەکاتێکدا ڕووسیا سەرەڕای داواکارییە دووبارەکان، هیچ ڕێگەیەکی دەستڕاگەیشتن بە دەستگیرکراوەکانی نەداوە.

تورک ئاماژەی بەوەشکرد، نووسینگەکەی هەندێک سەرپێچیشی تۆمارکردووە کە لەلایەن ئۆکرانیا ئەنجامدراوە. گوتیشی "بۆشمان دەرکەوت کارمەندە ئۆکرانییەکانیش لە شوێنە نا فەرمییەکان مەمەڵەی خراپیان ئەنجام داوە لە ناویاندا توندوتیژی سێکسیش، بەڵام بە ڕادەیەکی زۆر کەمتر لەوەی ڕووسیا."

XS
SM
MD
LG