Accessibility links

سەرچاوەکان: هاوپەیمانانی ناتۆ لەسەر پلانی بەرگری دژی هێرشی ڕووسیا ڕێکدەکەون


پێنج دیبلۆماتکار بە ڕۆیتەرزییان وت هاوپەیمانانی ناتۆ ڕۆژی دووشەممە گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک لەسەر پلانەکانی بەرگریی هاوپەیمانێتییەکە، کە تیایدا باس لە وردەکارییەکان دەکات لەسەر ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە چۆن وەڵامی هێرشێکی ڕووسیا بداتەوە، بەمەش ناتۆ بەسەر بەربەستەکەی تورکیادا زاڵ بوو ڕۆژێک پێش ئەوەی ڕابەرانی ناتۆ لە ڤیلنیوس کۆببنەوە.

ماوەی دەیان ساڵە ناتۆ پێویستی بەوە نەبووە پلانێکی بەرگری بەرفراوان دابنێت لە کاتێکدا کە لە شەڕەکانی ناو ئەفغانستان و عێراقدا بەشدار بووە، هەروەها پێشی وابووە کە ڕووسیای دوای یەکێتی سۆڤیەت هەڕەشە نەبووە لەسەر بوونی ناتۆ.

بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، کە خوێناویترین جەنگە لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئێستا هۆشداری دەدات و دەڵێت دەبێت سەرجەم پلانەکان بە باشی دابندرێن پێش ئەوەی جەنگێکی گەورە لەگەڵ ڕکابەرێکی وەکو مۆسکۆدا هەڵبگیرسێت.

تورکیا بەهۆی داڕشتنی وشەکانەوە سەبارەت بە شوێنە جوگرافییەکانی وەکو قوبرس، ڕێگری لە پەسەندکردنی پلانەکانی بەرگری ناتۆ دەکرد.

دیبلۆماتکارێک بە ڕۆیتەرزی وت " زۆر باشە بۆ هاوپەیمانێتیەکە، تورکیا ناچار بوو سازش بکات و بەربەستەکانی لاببات."

لە ڕێی داڕشتنی پلانەکانەوە، ناتۆ دەشتوانێت ڕێنمایی بدات بە وڵاتانی ئەندام لەسەر ئەوەی چۆن هێز و پێداویستییەکانییان نوێ بکەنەوە.

بەرپرسانی ناتۆ پێیان وایە چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو پلانەکان جێبەجێ بکرێن، بەڵام جەختییان لەوە کردەوە هاوپەیمانێتییەکە ئەگەر پێویست بکات دەتوانێت دەستبەجێ بچێتە شەڕەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG