Accessibility links

چەکدارانی ڤاگنەر لە ماوەی یاخیبوونەکەیاندا لە بنکەیەکی ئەتۆمی ڕووسیا نزیک بوونەتەوە


بەرپرسی هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا کیریلۆ بودانۆڤ
بەرپرسی هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا کیریلۆ بودانۆڤ

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە و چاوپێککەوتنەکان لەگەڵ دانیشتوانی ناوخۆدا، لە کاتێکدا کە چەکدارانی ڤاگنەر لە 24 ی مانگی شەشدا بەرەو مۆسکۆ پێشڕەوییان کرد، چەند ئوتومبێلێکی سەربازیی لە ڕێگای مۆسکۆ لایانداوە و بەرەو ڕۆژهەڵات ڕۆیشتوون، بە ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازیی ڕووسیا کە چەکی ئەتۆمی تێدایە.

هەر کە چەکدارانی ڤاگنەر گەیشتوونەتە ناوچە دەشتاییەکان، ڕێڕەوی چاودێریکردنەکە لە ناکاو نامێنێت، نزیکەی 100 کم دوور لە بنکە ئەتۆمییەکەوە کە بە ڤۆرۆنیژ – 45 ناسراوە. ڕۆیتەرز دەڵێت نازانێت دواتر چی ڕوویداوە، بەرپرسانی ڕۆژئاواش چەندین جار ئاماژەیان بەوەدا کە چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا لە ماوەی یاخیبوونەکەدا پارێزراو بوون و مەترسییان لەسەر نەبووە.

بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا، بەرپرسی هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا کیریلۆ بودانۆڤ وتی چەکدارانی ڤاگنەر زیاتر ڕۆیشتوون. وتی چەکدارەکان گەیشتوونەتە بنکە ئەتۆمییەکە و نیازییان بووە چەند ئامێرێکی بچووکی ئەتۆمی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتییان دەست بکەوێت تاوەکو یاخیبوونەکەیان بەهێزتر بکەن. " چونکە ئەگەر ئامادە بیت تاوەکو دوایین کەس شەڕ بکەیت، ئەوا ئەمە یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو گرەوەکان زیاتر دەکات."

وتی تەنها بەربەست لەبەردەم چەکدارانی ڤاگنەر و چەکە ئەتۆمییەکاندا دەرگاکانی کۆگاکانی هەڵگرتنی چەکەکان بوون. وتی " دەرگاکانی کۆگاکان داخرابوون و ئەوانیش نەچوونەتە بەشی تەکنیکییەوە."

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بزانێت کە ئایا چەکدارانی ڤاگنەر گەیشتوونەتە ڤۆرۆنیژ – 45 یاخود نا. بودانۆڤیش هیچ بەڵگەیەکی نەخستە ڕوو و ڕەتیشی کردەوە ئاماژە بەوە بدات کە ئایا لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەدا باس لەم ڕووداوە کراوە یاخود نا. هەروەها ئاماژەشی بەوە نەدا چەکدارەکان بۆچی کشاونەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە کرێملنەوە کە پەیوەندی سەربازیی هەیە هەندێک لە لێدوانەکانی بودانۆڤی پشتڕاست کردەوە، وتی هێزێکی ڤاگنەر " توانیویانە بگەنە ناوچەیەکی بەرژەوەندی تایبەتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە ئەمەریکاییەکان بێزار بوون چونکە تەقەمەنییەکان لەوێ هەڵگیرابوون." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراوی ئۆکرانیا وتی ئەمە بووە جێی نیگەرانی لە کرێملندا و پاڵنەرێکییان دۆزیوەتەوە بۆ دانوستانێکی بەپەلە بۆ کۆتایی هێنان بە یاخیبوونەکە، کە لەلایەن سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆوە نێوەندگری تێدا کرا.

بەرپرسانی ئەمەریکا گومانییان هەیە لەم لێدوانانە. لە وەڵامێکی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا چەکدارانی ڤاگنەر توانیویانە بگەنە بنکە ئەتۆمییەکەی ڕووسیا و هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمییان داوە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئادەم هۆج وتی " ناتوانین ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاست بکەینەوە. هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە لەسەر ئەوەی چەکە ئەتۆمییەکان یاخود ماددەکان لە مەترسیدا بووبێتن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG