Accessibility links

هاوسەرۆکەکانی هەدەپە دەڵێن لە کۆنگرەی نوێی پارتەکەیاندا نابنەوە بە کاندیدی هاوسەرۆکایەتی


هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەروین بوڵدان و میتات سانجار ڕایانگەیاند، لە کۆنگرەی نوێدا نابن بە کاندیدی هاوسەرۆکایەتی حزبەکەیان.

هەدەپە کە بەهۆی مەترسی قەدەغەکردنی لە ژێر لیستی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی تورکیای کرد، لە ئەنجامی کەمکردنی دەنگەکانی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بووەتەوە.

هاوپەیمانی کار و ئازادی کە پارتی چەپی سەوز سەرکردایەتی دەکرد، لە هەڵبژاردنەکاندا 10.55%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتی چەپی سەوزیش 8.82%ی ئەو ڕێژەیەی بەدەستهێنا.

هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا بە تەنها لەسەدا 11.7 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بوڵدان لە کەناڵی میدیا هابەر ڕایگەیاند کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان بە باشی بەڕێوە نەبردووە و نەگەیشتوون بەو ناوچانەی کە لێیان دوورن.

گوتیشی "نەمانهێشت ڕێکخستنەکانی شار و شارۆچکەکانمان بەشداری لە هەڵبژاردنی کاندیدەکان بکەن. لیژنەی هەڵبژاردنەکەمان زۆر گرنگی بە بۆچوونی شار و شارۆچکەکان نەدا."

بولدان ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەڵامێک بۆ ڕەخنەکان، بڕیاریداوە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردن کۆنگرەی خۆی ببەستێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردن کاندید ناکاتەوە.

سانجاریش ڕایگەیاندووە، هەرچەندە نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان، بەڵام شکستیان نەهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "رێژەی دەنگەکانمان بەو شێوەیە نەبوو کە ئێمە دەمانەوێت، بەڵام شکستمان نەهێناوە، ئێستا بەردەوامین لە پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لە خۆمان''.

سانجار ئاماژەی بەوەشکرد، دەبینن کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانای گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانەیان لەگەڵ کۆمەڵگادا نییە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، یەکێک لە هاوسەرۆکەکانی پێشووی هەدەپە دوای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، دەستبەرداری سیاسەتی چالاک بووە.

سەرچاوە: هەدەپە، تویتەر، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG