Accessibility links

سەلاحەدین دەمیرتاش واز لە چالاکی سیاسی دەهێنیت


سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری زیندانیکراوی کورد، ئەمڕۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، واز لە چالاکی سیاسی دەهێنێت.

دەمیرتاش گوتی "بەناوی خۆمەوە لە دڵەوە داوای لێبوردن دەکەم کە نەمانتوانی سیاسەتێکی شایستەی گەلەکەمان بخەینەڕوو. بەڵێن دەدەم بە هەوڵی کردەییم ئەم کەموکوڕیانە لەناو دەبەم. هەروەها سوپاسگوزارم بۆ ئەو ڕەخنە بنیاتنەرانەی لێم گیراوە. هەوڵ دەدەم سود لەم ڕەخنانە وەربگرم. منیش وەک هەموو هەڤاڵانی زیندانم لە خەباتی سەربەخۆ بەردەوام دەبم، بەڵام لەم کاتەدا دەستبەرداری چالاکی سیاسی دەبم. سڵاو و خۆشەویستم بۆهەمووتان دەنێرم. هیوادارین لە ڕۆژانی ئازاددا یەکتر ببینین."

ئەم بڕیارەی دەمیرتاش لە کاتێکدیە بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی هەدەپە بە توندی ڕەخنە لە ستراتیژی و بڕیارەکانی ئیدارەی ئەو پارتە دەگرن، کە بۆچی لە گەڕی یەکەمدا کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا هەڵنەبژارد و کوردیان بێ دەنگ هێشتەوە.

شرۆڤەکاری سیاسی د. جومعە کوچوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەدەپە بە نەخستنەڕووی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، دەسەڵاتێکی زۆری لەدەستدا و مەیدانی سیاسی بۆ پارتە ڕەگەزپەرستەکان جێهێشت.

گوتیشی "هەدەپە، بە نەخستنەڕووی کاندیدێک، لە پێگەیەکی بەهێزەوە خۆی خستە دۆخێکی زۆر سەختەوە و خۆی خستە ژێر سێبەری جەهەپە. هەر بۆیە لە خولی دووهەمدا بێ کار مایەوە و هەر ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کاندیدەکانی نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان".

بەرپرسانی هەدەپە دەڵێن هەمو هەوڵێکیان خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی ئەردۆغان سەرنەکەوێت.

XS
SM
MD
LG