ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا بڕیارە ڕۆژی شەممە وەکو سەرۆک سوێندی یاسایی بخوات و دواتر لە هەفتەکەدا کابینەی نوێی حکومەت ڕادەگەیەنێت.
ئەردۆغان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا کە لە 28 ی مانگی پێنجدا بەڕێوەچوو لە سەدا 52.2 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا. سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا پێچەوانەی زۆربەی ئەو ڕاپرسییانە بوو کە پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجام درابوون، هەروەها سەرکەوتنەکەی سەرەڕای قەیرانی بژێوی ژیان بوو لە وڵاتەکەدا.
سەرۆکایەتییەکەی بۆ پێنج ساڵی دیکە ڕێگە بە ئەردۆغان دەدات پەیڕەوی ئەو سیاسەتە تاکڕەوییانە بکەوێت کە وڵاتەکەی جەمسەرگیرکردووە.
ڕۆژی هەینی پەرلەمانی نوێی وڵاتەکە کۆبۆوە و بڕیارە کاتژمێر 3 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی گشتیدا لە ئەنقەرە سوێندی یاسایی بخوات.
دوای ئەوەش مەراسیمێک لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت کە بەرپرسانی باڵای 78 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەی دەبن، بەپێی دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیا، هەریەک لە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ و سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان و سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆل پاشنیانیش ئامادەی مەراسیمەکە دەبن.
بە پێی سەرچاوە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بڕیارە لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی تورکیا بەشداری بکات.
لە ئێوارەشدا بڕیارە ئەردۆغان وەزیرەکانی حکومەت دەستنیشان بکات. ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵ لە ساڵی 2003 دا بووە سەرۆک وەزیری تورکیا، ئەوەش دوای ئەوەی پارتەکەی لە کۆتایی ساڵی 2002 دا لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت.
لە ساڵی 2014 دا ئەردۆغان وەکو سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرا و دواتریش لە ساڵی 2018 دا دوای ئەوەی لە گشتپرسییەکەی ساڵی 2017 دا دەسەڵاتی جێبەجێکاری بۆ سەرۆکایەتی بە دەستهێنا دووبارە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز