Accessibility links

بۆچی دژایەتی پەنابەران بووە بە خاڵی سەرەکی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ؟


هەڵمەتی خولی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە زیاتر لەسەر ناردنەوەی پەنابەران بەڕێوەدەچێت.

کۆمەڵناس مەتە کان کانیار، ئەو هەڵوێستە بە هەڵوێستێکی پۆپۆلیستی دەبینێت و دەڵێت "ئەگەر ئەردۆغانیش بڕوات و کلیچدارئۆغڵو بێت، گرنگ نییە هەر کامیان بن، بەڵام پێویستە ناردنەوەی پەنابەران بە پێی ڕێساکانی یەکێتی ئەوروپا بێت."

کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زەفەر لەسەر 7 خاڵ واژۆ کرد. گرنگترین خاڵی ئەم ڕێککەوتنە ناردنەوەی زیاتر لە 3 ملیۆن پەنابەری سوریاییە.

ئۆزداغ و پارتەکەی سیاسەتی خۆیان لەسەر ناردنەوەی پەنابەران بنیات ناوە و لە هەڵبژاردنیشدا 2.23%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە و ئێستاش پشتگیری کلیچدارئۆغڵو دەکەن.

کیلیچدارئۆغڵو لە نوێترین وتارەکەیدا سەبارەت بە ناردنەوەی پەنابەران ڕایگەیاند، ئەوان وڵات لە تیرۆر و پەنابەران ڕزگار دەکەن.

"ئاشکرایە کێ لایەنگری فرۆشتنی ئەم وڵاتە جوانەیە یان کێ لەگەڵ ئەوەدا نییە. ئێمە دێین ئەم وڵاتە لە تیرۆر و پەنابەران ڕزگار بکەین. ئەم هەڵبژاردنە وەکو ڕیفراندۆمێکە ئیتر کەس ناتوانێت کەس چەواشە بکات. من داوا لەو هەشت ملیۆن هاووڵاتییە دەکەم کە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و داوا لە گەنجەکانیش دەکەم کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن."

هەروەها شارەزایانی سیاسی ئەمە وەکو سیاسەتێکی دژە مرۆیی ناودێردەکەن و هۆکاری ئەمەش بۆ زیادکردنی دەنگەکان دەگەڕێننەوە.

مەتە کان کاینار
مەتە کان کاینار

مەتە کان کانیار پێی وایە بەڵێنەکان سەبارەت بە ناردنەوەی پەنابەران لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ ناکرێت و پێویستە تورکیا بە پلانێکی درێژخایەن ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

هەروەها ئەو پەنابەرانەی لە تورکیا دەژین نیگەرانن لەم لێدوانە توندڕەوانە.

مەحمود ئەلڤاڤی ماوەی 10 ساڵە لە تورکیا نیشتەجێیە و پەیامەکانی ئەم دواییەش بە گەورەترین مەترسی بۆ پەنابەران دەزانێت.

مەحمود ئەلڤاڤی
مەحمود ئەلڤاڤی

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە بۆ گەشتێکی گەشتیاری نەهاتووین بۆ ئێرە. وڵاتەکەمان وێران بوو، بۆیە ڕێگای ترمان نەبوو و هاتین بۆ ئێرە. لە وڵاتی ئێمەدا داعش لە لایەک و هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە لایەکی دیکە و پەکەکەش لەلایەکی ترەوە. ئێستا سوریا زۆر گرفتە. ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام بەم شێوەیە ئێستا ناتوانرێت."

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، 3 ملیۆن و 381 هەزار و 429 پەنابەری سووریایی لە تورکیا دەژین.

ئەردۆغان لە ناردنەوەی پەنابەراندا بۆچوونی دژ بە ئۆپۆزسیۆنی هەیە و دەڵێت سەرتا دەبێت نیشتەجێگاکانیان لە ناو سوریا بۆ دروست بکەین. گوتەبێژی ئەردؤغان ئیبراهیم کاڵن ڕایگەیاند " ئێمە سەرەتا لە سوریا نیشتەجێگا دروست دەکەین کە لە ئێستاشەوە دەستمان پێکردووە، پاش دەمێکی نزیک پەنابەرەکان دەگەڕێنینەوە."

XS
SM
MD
LG