Accessibility links

ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکانی تورکیا 


گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بەرەبەرەکانییەکی سەختە لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و کەمال کلیچدارئۆغڵوی ڕکابەری کە هەوڵی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی 20 ساڵەی ئاکەپە دەدات.

هەدەپە کە لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردووە، بۆ گەڕی دووهەمیش پشتیوانی کەمال کلیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی دەکات و دەڵێت " ڕێگەنادەین ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆک" و داواش لە پشتیوانانی دەکات دەنگ بدەنەوە بە کەمال کلچدارئۆغڵو. هەرچەندە پارتێکی تری کورد کە ڕیشەی ئیسلامی هەیە بە ناوی پارتی هودا پشتیوانی لە هاوپەیمانی کۆماری بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەدۆغان دەکات.

ئارام حاجی چاودێرێکی سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بە بردنەوەی ئاکەپە بەردەوامی نەژاد پەرستەکان لە دەسەڵات بۆ پێنج ساڵی دیکەی حوکمڕانی تورکیا بەردەوام دەبێت کە لە حومکڕانییەتی بیست ساڵی ئاکەپەوە سەرچاوەدەگرێت و وەک ستراتیژێکی مەزهەبگەرایی نەژاد پەرستیی تورکیی بەردەوام دەبێت لە سیاسەتەکانی ڕابردووی و چاوەڕوانکراوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەیەت."

دەستەی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی ئەنجامی ھەڵبژاردنی 14 ی مانگی پێنجی ڕاگەیاند کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە ڕێژەی %87.04 دەنگ درابوو.

بەپێی کۆتا ئەنجام، دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی بەمێشوەیە ئەردؤغان ٪49.52 و کیلچدار ئۆغلو ٪44.88 ی بەدەستهێناوە و کاندیدی سێهەم سینان ئۆغان %5.17.

ڕەجەب تیب ئەردۆغان و سینان ئۆغان
ڕەجەب تیب ئەردۆغان و سینان ئۆغان

ڕۆژی دووشەممە ئۆغانی کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا پشتیوانی بۆ ئەردۆغان ڕاگەیاند. هاوپەیمانی ئاتای ئەوەپەڕی نەتەوەپەرست بە هەڵوێستەکانی دژ بە پەنابەرانی سوریا ناسراوە و دەڵێت، پێویستە پەنابەرانی سوریا دەستبەجێ بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

ئەو هاوپەیمانییە هەڵوێستێکی دژە کوردیشی هەیە و دەڵێت نابێت هەدەپە ڕۆڵێکی گرنگ لە گوتاری سیاسیدا بگێڕێت.

ئارام حاجی چاودێری سیاسی سەبارەت بەو دەنگانەی کە هاوپەیمانی ئاتا بەدەستیهێناوە دەڵێت" ئەو ڕێژەیەی سینان ئۆغان یەکێک لە ئاڵەنگارییە ڕژدەکانی بەردەم گەڕی دووهەم دەبێت، کە%5.17 ، کە لە بنەڕەتدا چاودێران بە لە سەدا دووی دەنگی دەنگدەرانی ئەوی دەزانن و لەسەدا سێیەکەی تری بە دەنگی ناڕەزایەتی ئۆغڵوو لەگەڵ هەدەپەی دەزانن."

هەروەها دەشڵێت " ئەو ڕێژەیەی کە بەشدارییان لە دەنگداندا نەکردووە، چاوەڕوانکراوە بە پێی پێشهاتەکان، کاریگەرییان لەسەر ئەجامی دەندانەکە هەبێت."

کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەمی سەردانی لێقەوماوانەی بوومەلەرزەکە
کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەمی سەردانی لێقەوماوانەی بوومەلەرزەکە

هەر پاش پشتیوانییەکەی سینان ئۆغان بۆ ئەردۆغان، کەمال کلیچدار ئۆغڵو ڕووی کردە ئەو کەسانەی کە دەنگیان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا نەدابوو و لە تویتێکدا گوتی " من داوا لەو هەشت ملیۆن هاووڵاتییە دەکەم کە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و داوا لە گەنجەکانیش دەکەم کە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن."

لەگەڵ ئەوەشدا کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانی بگەن بە لەسەدا 51 ی دەنگەکان بەڵام ژمارەیەک لە چاودێران پێشیان وایە کەموکوڕی لە هەڵبژاردەنکاندا هەبووە.

سەبارەت بەو کەموکوڕی و ئاڵەنگارییانەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت "لە قۆناغی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا، هەلومەرجێکی ناعادیلانە بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئارادابوو، بە بەڵگەی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی نادادپەروەرە و لە خزمەت هێزە گەورەکاندایە."

هەروەها دەشڵێت "جگە لەوەی مەرجی زۆر قورسی بۆ کاندیدی سەربەخۆ داناوە کە دەرفەتی دەرچوونی زۆر دەگمەنە، هاوکات دەزگاکانی دەوڵەت لە خزمەت حزبی دەسەڵاتداردایە و کۆی دەزگا میدیاییەکانی سەر بە حکومەت، کە ژمارەیان (31) دەزگایە لەم هەڵبژاردنەدا خرابوونە خزمەت ئەردۆغانەوە و کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆن بە گشتی لێی بێبەش بوون."

لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕێکخراوی جیهانی هۆشدارییان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا ڕاگەیاندووە. هەنێک لە چاودێران پێیان وایە ئەمە خۆی لە خۆیدا کۆت و بەند بووە لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.

چاودێری سیاسی دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم دەڵێت " پرسی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕۆژنامەگەری، هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن تورکیا بووە بە زیندانێکی گەورە بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەگەری و رۆژنامەی ئازاد. ئەمانە وایانکردووە گەلێک کەناڵ و ناوەندی گەورەی میدیایی و کەسایەتی کاریگەر ئێستا لە زینداندا بن و نەتوانن ڕایگشتی تورکیا ئاڕاستە بکەن، کە لە هەموو دەوڵەتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکاندا ئەوە ئاستەنگییەکی گەورەیە."

دکتۆر حەکیم باس لە ئەستەنگێکی دیکەش دەکات و دەڵێت " لە ناو تورکیادا ئێستا هێزێک لە ئارادایە کە هێزێکی ڕەگەزپەرستە کە پێکهاتوون لە مەهەپە و ئەو چەند لایەنەی دیکە کە لە گەڵ ئەردۆغاندا هاوپەیمانن تێکەڵەیەک لە فاشیزم و لە ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە دەرەوەی هەموو پرینسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر کار لەسەر سەرکوتکردن و ترسنادن و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن، ئەمانە هەمووی ئاستەنگن."

لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەردۆغاندا چی ڕوودەدات، دکتۆر حەکیم دەڵێت " لە مانەوەی ئەردۆغان واتە ڕووکردنە ڕۆژهەڵات و چین و ڕوسیا و ئێرانە، وە ڕووکردنە ئەو شوێنانەیە کە هەموو جیهان و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێیاندەوترێت ئەمانە هێزگەلێکن دژ بە مافی مرۆڤن و وە هەموو ئەجێنداو کاریان مانەوەی دەوڵەتە ستەمکارەکانیانە، هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ کورد زیانی هەیە هەرچەند کورد وەک هێزێکی پۆڵاین ماوەتەوە."

سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت "بەڵام سەرکەوتنی کلیچدارئۆغلۆ جیاوازە، لەبەرئەوەی ئەو هاپەیمانییە لە جیاتی ئەوەی ئاڕاستەی بەرەو دەوڵەتە ستەمکارەکان بێت، ئاڕاستەی بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت، یان بەرەو خواستی گەیشتن بە یەکێتی ئەوروپا و ، هەموو هەنگاونانێکیش بەرەو ئەوروپا پابەندبوونە بە پرینسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژن و ژینگە و مافی کۆچبەری و دەستهەڵگرتن لە ناکۆکییە هەرێمییەکانی ناوچەکەدا."

جێی باسە ئەردۆغانیش کاتێک دوو دەیە لەمەوبەر وەک سەرۆک وەزیری وڵاتەکە هەڵبژێردرا، بە سیاسەتەکانی ڕووبەڕووی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووەوە و ئابووری وڵاتەکەی گۆڕی، هەوڵی بوون بە ئەندامی لە یەکێتی ئەوروپادا، خۆی وەک سەرکردەیەکی لایەنگری دیموکراسی نیشان دا کە دەیویست پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوادا هەبێت.

پاشانیش ڕووی کردە کوردەکان و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە دەستپێکر کە لە ساڵی 2015 هەڵوەشایەوە.

بەڵام پاش ئەوەی هێزی سیاسی خۆی چەسپاند، دەستی کرد بە پاڵنانی عەلمانیەکان و سنووردارکردنی ئازادییەکان و سنووردارکردنی پارتە سیاسییەکانی کە دەنگی خەڵکیان بەدەستهێناوە.

لە کۆتاییدا ئەو ئاڵنگارییانە کەم نین کە رووبەڕووی هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا ئەردۆغانی سەرۆکی هاوپەیمانی کۆماری و کلیچدارئۆغڵوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی دەبنەوە، هەر پرسی ئابورییەوە بگرە تا دەگاتە چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی ئازادییە گشتییەکان و ئازادی میدیا و ڕۆژنامەگەری، کرانەوەی تورکیا بەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەرتەسکبوونەوە یان بەرفراوانبوونی بازنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ یان ڕوسیا، ئێران و چیندا.

ئەمانەش دەبنە سەنگی مەحەکی یەکلاییکردنەوەی دەنگدانی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە ڕۆژی یەکشەممە 28 ی مانگی 5 بەڕێوە دەچێت.

XS
SM
MD
LG