کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، کاندیدی سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نیشمانی کە لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا ڕووبەرووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەبێتەوە، ڕایگەیاند، " 12 ڕۆژمان ماوە، لەم تونێلە تاریکە ڕزگارمان دەبێت."
کلیچدارئۆغڵو، لە پەیامێکی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر کە ئاڕاستەی گەنجانی کردووە دەڵێت " گەنجانی بەڕێز، خولی یەکەم کۆتایی هات. گەورەترین ڕاستی ئەوەیە کە پەیامی گۆڕانکاری لە سندوقی دەنگداندا ڕەنگیدایەوە. ئەوانەی گۆڕانکارییان دەیانەوێت ئێستا زیاتر لەم وڵاتەن لە چاو ئەوانەی نایانەوێت. بەڵام ئەمەش ڕوونە، ئێمە ئەو لایەنەین کە دەبێت زۆر زیاتر خەبات بکەین بۆ ڕزگاربوون لە حکومەتێکی بێبەزەیی لەم شێوەیە."
کلیچدارئۆغڵو ڕایگەیاند هەوڵی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی گەنجان دەدات، بەڵام دەشخوازێت گەنجان گوێی لێبگرن.
ئەو دەشڵێت " گەنجێتیتان هەرگیز ناگەڕێتەوە، تەنها 12 ڕۆژمان لەبەردەستە و لەم تونێلە تاریکە ڕزگارمان دەبێت."