Accessibility links

دکتۆر جەبار قادر باس لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی هەدەپە دەکات


بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەدەپە کە لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردبوو توانیویەتی 61 کورسی پەرلەمان لە کۆی 600 کورسیدا بەدەستبهێنێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک کورسی لەدەستداوە.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا هۆکاری کەمکردنی دەنگەکانی هەدەپە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە هەندێک لە دروشمەکانیان لەلایەن پارێزکارەکانی کۆمەڵگەدا ناگونجێن و دەڵێت " دروشمەکان لەگەڵ هێزە محافزکارەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کە ڕێژەیەکی زۆر پێکدەهێنن، ناگونجێن."

هەروەها گوتیشی " بە تایبەتی ئەوانەی ڕەوتی ئیسلامین هەر بە ئاشکرا خۆیان داوەتە پاڵ بەرەکەی ئەردۆغان."

هەدەپە ڕێژەی بەربەستی لە ٪7 ی دەرباز کردووە و ٪10.54 ی بەدەستهێناوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بە پێی ئاژانسی ئەنادۆڵؤ 6 کورسی لەدەستداوە. هەرچەندە ئەم ئەنجامە هێشتا ئەنجامی فەرمی نییە.

بە پێی یاسای تورکیا هەر پارتێکی سیاسی بتوانێت لە هەڵبژاردندا ٪7 تێپەڕێنێت ئەوا لەلایەن خەزێنەی دەوڵەتەوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ هاوپەیمانییەکدا بەشداربێت بەتەنها ئەو ڕێژەیەش بەدەستنەهێنێت هەر بودجەکە وەردەگرێت.

هەدەپە هێشتا لە پەرلەماندا سێهەم گەورەترین پارتی سیاسی ماوەتەوە.

بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەردۆغان لە ٪49.50 ی بەدەستهێناوە و کلیچدارئۆغڵو ٪44.89 ی بەدەستهێنا و کاندیدی سێهەمیش سینان ئۆغان لە هاوپەیمانی ئاتا ٪5.17 ی بەدەستهێناوە. لەبەر ئەوەی هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە بگەنە ٪51 ی دەنگەکان بۆیە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەچێتە خولی دووهەمەوە.

دکتۆر جەبار قادر پێی وایە لە خولی دووهەمیشدا ئەردۆغان سەردەکەوێت و دەڵێت سینان ئۆغان " لەوە دەچێت داوا لە پشتیوانانی بکات دەنگ بدەن بە ئەردۆغان چونکە هەنێدک قسەی کردووە لەسەر ئەوەی نزیکبوونەوەی جەهەپە لەگەڵ هەدەپە، کە ئەو بە باڵی پەکەکەی دادەنێت، بەلایەوە هێڵی سورە."

بەڵام ئۆغانی نەتەوەپەرست بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە " لەگەڵ دەنگدەرانماندا تاوتوێی بڕیارەکە دەکەین بۆ خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکان. بەڵام ئەوەمان ڕوون کردەوە کە شەڕی دژ بە تیرۆرزم و ناردنەوەی پەنابەرەکان هێڵی سورە بۆ ئێمە."

هەدەپەی لایەنگری کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتگیری لە کلیچدارئۆغڵو دەکات و پارتی هودا کە پارتێکی ئیسلامی کوردییە پشتیوانی ئەردۆغان دەکات.

ئۆگان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای دەنگدانەکەی ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا چاوی بە ئەردۆغان و کیلیچدارئۆغڵو نەکەوتووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد کراوە دەبێت بۆ دانوستان "بە پشتبەستن بە بنەماکانیان".

گوتیشی "بۆ نموونە دەتوانین پرۆتۆکۆلێک لەگەڵ هاوپەیمانی نەتەوەیی (بۆ پشتگیریکردنی کلیچدارئۆغڵو) واژۆ بکەین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە ئەوان هیچ دەسەڵاتێک بە هەدەپە نادەن."

دکتۆر جەبار پسپۆڕی کاروباری تورکیا بە دووریشی نازانێت هەرکامیان لەبەردانواندنی زیاتری بۆ بکەن دەنگی خۆی بدات بەو لایەنە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت ڕێژەی بەشداری لە تورکیا ٪88.92 بووە و لە دەرەوەی وڵاتیش ٪52.69 بووە.

هەدەپە یان پارتی چەپی سەوز لەم شارانەدا دەنگی یەکەمیان بەدەستهێناوە: دێرسیم، ئامەد، مێردین، ئەلێ (باتمان)، موش، شیرنەخ، سێرت، بەتلیس، ئاگری، قەرس، ئیدر، وان و جولەمەرگ (هەکاری).

خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە 28 ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:39 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG