Accessibility links

پەیامنێرانی بێسنوور: ئێران یەکێکە لە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا


ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕۆژی چوارشەممە 3ی ئەم مانگە هاوکاتی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادی ڕاگەیاندن لە ساڵی 2023دا بڵاوکردەوە.

ڕاپۆرتەکە پلەی وڵاتەکانی بە پێج بەش پۆلێن کردووە، وڵاتە زۆر باشەکان، باشەکان، خراپەکان، زۆر خراپەکان و وڵاتانی جێگای نیگەرانی.

لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا ڕێکخراوەکە ئێرانی لە ڕووی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە نێو 180 وڵاتدا لە پلەی 177ی ڕێزبەندییەکە داناوە کە جێگای نیەگەرانییە و تەنها سێ وڵات کە بریتین لە ڤێتنام، چین و کۆریای باکور دۆخیان لە ئێران خراپترە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، پلەی ئێرانی لە پێوەرەکانی "ژینگەی کۆمەڵایەتی" و "ژینگەی دادوەری" دابەزاندووە.

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هەروەها بە ئاماژەدان بە دەستبەسەر کردنی 25 ڕۆژنامەنووس لە ئێراندا ڕایگەیاندووە "لە سەرەتای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پولیسی ئاکاری ئەو وڵاتەدا، ئێران پێگەی خۆی لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە وەک یەکێک لە سەرکوتکەرترینەکان بەهێزتر کردووە و ئێستا یەکێکە لە گەورەترین زیندانەکانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا."

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی بنکە لە پاریس باس لەوە دەکات کە لە ئێراندا جگە لە سنووردارکردنی بەرفراوان و سانسۆرکردنی چاپەمەنییەکان، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە و بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و سزای زیندانیکردن دەبنەوە.

ئەم ساڵ تەنها ناوی 8 وڵات وەکو هەرە باشترین وڵاتەکان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری هاتووە ئەوانەش بریتین لە نۆروێژ، ئیرلەندا، دانیمارک، سوید، فینلاند، هۆڵەندا، لیتوانیا و ئیستۆنیا.

لە ڕاپۆرتەکەدا، پێگەی ڕووسیا 9 پلە دابەزیوە و لە پلەی 164 دایە و هۆکاری ئەمەش دەبەستێتەوە بە سانسۆرکردنی میدیاکان لە لایەن دەسەڵاتی ڕووسیاوە سەبارەت بە لەشکرکێشی سەربازی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکرانیا.

هەروەها ئەمەریکا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سێ پلە دابەزیوە و لە پلەی 45 دایە. هۆکاری سەرەکی دابەزینەکەش دەگەڕێنێتەوە بە کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووس لە شارەکانی لاس ڤێگاس و ئۆرلاندۆ.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مەکسیک زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی بێسەروشوێنکراوی لە جیهاندا هەیە و لە پلەی 128 دایە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، وڵاتی قەتەر تاکە وڵاتە کە 14 پلە بەرزبووەتەوە بۆ ڕیزبەندی 105 و هۆکاری ئەمەش دابەزینی سنووردارکردنی میدیاکان بوو بۆ ڕووماڵکردنی مۆندیال لەو وڵاتەدا.

پەیامنێرانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەیاندا بۆ ڕێزبەندیکردنی وڵاتان لەڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە، پێوەرەکانی وەک ڕادەی ئازادی میدیاکان لە ڕووماڵکردنی هەواڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، یاساکانی ڕێگیر لەو بوارەدا و هەڕەشە ئەمنییەکان و کردەوەی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان لەبەرچاو دەگرن.

XS
SM
MD
LG