Accessibility links

پەیامنێرانی بێسنوور: لە کوردستان ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر بە سیخوڕی تۆمەتبار کراون و زیندانی کراون


ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو کردۆتەوە عێراقی خستووەتە لیستی وڵاتە هەرە خراپترینەکان لە ڕووی ئازادی ڕاگەیاندنەوە و لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەڵێت " ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر بە سیخوڕی تۆمەتبار کراون و زیندانی کراون."

ڕاپۆرتە نوێیەکەی ڕێکخراوەکە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهان کە لە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە 180 وڵاتانی جیهاندا هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت ژینگەی ڕۆژنامەگەری لە هەر 10 دەوڵاتێکدا لە حەوتیان "خراپە".

ڕاپۆرتەکە پلەی وڵاتەکانی بە پێج بەش پۆلێن کردووە، وڵاتە زۆر باشەکان، باشەکان، خراپەکان، زۆر خراپەکان و وڵاتانی جێگای نیگەرانی.

لە ڕیزبەندی ئەمساڵدا عێراق دەکەوێتە لیسیتی وڵاتە هەرە خراپترینەکان و جێگای نیگەرانی لە کۆی 180 وڵاتدا 167 هەمین وڵاتە، هەرچەنەدە بە بەراورد لەگەڵ ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوو ئاستی عێراق بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری هەندێک باشتر بووە لە ساڵی ڕابردوو عێراق پلەی 172 هەمین بوو.

ڕاپۆرتەکەی ئەم ساڵی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووری بنکە لە پاریس لەسەرعێراق دەڵێت " لە نێوان تیرۆر، ناسەقامگیری سیاسی و ناڕەزایەتیدا، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە لە هەموو لایەکەوە و ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە کە لە ئەرکی پاراستنیان شکست دەهێنێت."

مەیدانی میدیایی

ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت میدیاکانی عێراق پەیوەندییەکی نزیکیان بە پارتە سیاسییەکانییەوە هەیە، کە سیاسەتی سەرنوسەرییان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام دەشلێت " کورد لە ڕووی میدیاییەوە زۆر ڕێکخراوە و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە ڕێگەی کەناڵەکانی وەک ئێن ئاڕ تی تیڤی کە پەیوەستە بە بزووتنەوەی “نەوەی نوێ” دەنگی خۆیان دەبیننەوە."

چوارچێوەی سیاسی

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا لەسەر چوارچێوەی سیاسی دەڵێت لە عێراق "جەمسەرگیرییەکی زۆر بەهۆی کاریگەری سیاسی لەسەر میدیا، وا دەکات دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هاوسەنگ و سەربەخۆ نزیکەی مەحاڵە.

دەشڵێت ڕۆژنامەنووسان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان خەبات دەکەن و زۆربەیان لە ساڵی 2019ەوە بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەبنەوە. زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەهۆی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژە گەندەڵی، کە بە دوژمنایەتی هەندێک ڕەوتی سیاسی دادەنرێت، هێرشیان کراوەتە سەر و تاڵان دەکرێن."

دەشڵێت " لە کوردستان ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر بە سیخوڕی تۆمەتبار کراون و زیندانی کراون."

چوارچێوەی یاسایی

لە ڕووی تیۆریەوە دەستووری عێراق گەرەنتی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکات بەڵام ڕاپۆرتەکە دەڵێت "هەندێک لە بەندەکانی پێچەوانەی یاساکانی ئێستان."

دەشڵێت "زۆرجار کەسایەتییە گشتیەکان داوای یاسایی لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەن کە لە ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەکانیاندا ناویان دەهێنن."

زەمینەی ئابوری

لەسەر بواری ئابوری میدیاکان پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت "بودجەی میدیا بە شێوەیەکی نایەکسان دابەشکراوە و پەیوەندییەکی زۆری بە نزیکی لایەنە سیاسییەوەکانەوە هەیە. حزبێکی سیاسی تا سەرچاوەکانی زیاتربێت ئەوەندە زیاتریش دەزگای میدیایی سەر بە پارتەکەی کاریگەرتر دەبێت."

هەروەها دەشڵێت ئەو چەند میدیا سەربەخۆیانەی کە ماون زۆربەیان لۆکاڵن سەختیەکی زۆریان هەیە تا بتوانن بەردەوام بن.

زەمینەی کلتوری کۆمەڵایەتی

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی ئاینی هەن کە ناتوانرێت باسیان بکرێت و دەشڵێت "شتێکی نامۆ نییە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سزا بدرێن یان ڕابگیرێن بەهۆی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی کە بەرپرسانی باڵای تێدابێت." و دەشڵێت لەو حاڵەتانەدا تۆمەتبار دەکرێن بە سەرپێچی کردن لە یاسی ڕۆژنامەگەری یان بەوەی گوایە "زیانیان بە پیرۆی دەوڵەت" گەیاندووە.

پارێزراوی ڕۆژنامەوانان

پەیامنێرانی بێسنوور عێراق بە وڵاتێکی مەترسیدار بۆ ژیانی ڕۆژنامەوانان دەبینێت و دەڵێت " لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کوژراون جا چ لەلایەن ڕێکخراوە جیهادیەکانەوە بوبیت یان میلیشیاکانەوە." دەشڵێت بە دەگمەن لێکۆڵینەوە لەم جۆرە کوشتنانە کراوە و بەرپرسیاران سزا دراون. "زۆرجار هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندن بۆ تیرۆرکردن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بەکاردەهێنرێت." بەکاردەهێنرێت.

شایانی باسە ڕاپۆرتەکەی ئەم ساڵ تەنها ناوی 8 وڵات وەکو هەرە باشترین وڵاتەکان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری هاتووە ئەوانەش بریتین لە نۆروێژ، ئیرلەندا، دانیمارک، سوید، فینلاند، هۆڵەندا، لیتوانیا و ئیستۆنیا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە لیستی وڵاتە باشەکانەو ژمارەی 45ە لە کۆی 180 وڵاتی جیهاندا.

XS
SM
MD
LG