Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سعودیە لە یەکەم سەردانیدا بۆ سوریا لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی وڵاتەکە، لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆدەبێتەوە


دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی سوریا دەڵێت بەشار ئەسەد، ڕۆژی سێشەممە لە دیمەشق لەگەڵ دیپلۆماتی باڵای شانشینی عەرەبستانی سعودیە کۆبووەوە و کۆتایی بەو پەیوەندییە خراپەی نێوان هەردوو وڵات هێنا کە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە.

گەشتەکەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی سعودیە بوو بۆ پایتەختی سوریا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011وە. ئەم گەشتە قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ڕیاز دیاری کرد کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سانا لە زاری سەرۆکی سوریا بەشدار ئەسەدەوە بڵاوی کردەوە کە لە میانەی دیدارەکەدا گوتویەتی "پێویستە پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان سوریا و شانشینی سعوودیە نەریتی بێت."

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی سانا گوتوشیەتی " پەیوەندی لەو جۆرە تەنها لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا نییە بەڵکو لە بەرژەوەندی جیهانی عەرەب و تەواوی ناوچەکەیە."

ئەسەد لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە لە ناوچەکەدا لە ڕووی سیاسییەوە گۆشەگیر کرابوو، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێک چالاکیی دیپلۆماسی دەستیپێکردووە، چونکە بڕیارێکی سعودیە و ئێران کە هاوپەیمانێکی نزیکی دیمەشقە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بووە هۆی گۆڕینی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەسەد و شازادە فەیسەڵ باسیان لە هەنگاوەکانی "بەدیهێنانی یەکلاییکردنەوەی سیاسی هەمەلایەنە کردووە کە هاوکارە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو جیهانی عەرەب".

بەپێی بەیاننامەکە ئەو دیپلۆماتکارە باڵایە بە ئەسەدی وتووە گرنگە "هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دروست بکرێت" و هاوکارییەکان بگاتە هەموو ناوچەکانی سوریا.

کۆبوونەوەکە دوای کەمتر لە هەفتەیەک پاش سەردانەکەی فەیسەڵ مقداد وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ سعودیە بوو، هاوکات یەکەم سەردانی لەو جۆرەیە لە دوای دەستپێکردنی کێشەکانەوە.

هەفتەی ڕابردوو دیپلۆماتکارانی نۆ وڵاتی عەرەبی لە شاری جددەی سعودیە کۆبوونەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنیان بە ماوەی دابڕانی درێژخایەنی سوریا لە دیپلۆماسیی وڵاتانی عەرەبیدا کرد باسیان لە ئەگەری گەڕانەوەی سوریا کرد بۆ ناو کۆمکاری عەرەب دوای ئەوەی دیمەشق لە ساڵی 2011دا ئەندامێتی لە نیو ئەر ڕێکخراوە 22 ئەندامێتییەدا ڕاگیرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، دیپلۆماتکاران جەختیان لەسەر "گرنگی هەبوونی ڕۆڵی سەرکردایەتی عەرەبی لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان" لە سوریا کردووەتەوە.

سعودیە لە ساڵی 2012 پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەسەددا پچڕاند و ڕیاز لە مێژە بە ئاشکرا پشتیوانی لە لابردنی ئەسەد دەکرد و لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگدا پاڵپشتی یاخیبووانی سوریای دەکرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG