Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سوریا دەکات


وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد، سعودیە
وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد، سعودیە

وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریا دەڵێت بڕیارە ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بگاتە دیمەشق، ئەمەش لە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی سعودیەدا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە بۆ دیمەشق.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا زیاتر بوون، ئەسەد لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی سوریاوە لە ساڵی 2011 ەوە لە ڕووی سیاسییەوە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە پەراوێزخراوە.

دوای ئەوەی سعودیە و ئێران بڕیاریاندا پەیوەندییەکانی نێوانییان ئاسایی بکەنەوە، چالاکییەکی زۆری سیاسیی لە ناوچەکەدا دروست بووە.

وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریا وتی " ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان لە سەردانێکی فەڕمیدا بۆ سوریا دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق."

وتیشی دوانیوەڕۆ دەگاتە سوریا.

سەردانەکە کەمتر لە هەفتەیەک دێت دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد سەردانی سعودیەی کرد، ئەوەش یەکەمین سەردانی لەو جۆرە بوو لە ساڵی 2011 ەوە تاوەکو ئێستا.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سعودیە لە بەیاننامەیەکدا وتی لە کۆبوونەوەکەدا میقداد و هاوتا سعودییەکەی باسییان لە " هەنگاوە پێویستەکان کردووە " بۆ کۆتایی هێنان بە پەراوێزخستنی دیمەشق.

هەر لە هەفتەی ڕابردوودا وڵاتانی عەرەبی لە سعودیە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی کۆتایی هێنان بە دوورخستنەوەی سوریا لە ژینگەی دیبلۆماتی ناوچەکەدا.

سعودیە و سوریا لە ساڵی 2012 دا پەیوەندییەکانیان تێکچوو، ڕیاز بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگەکەدا بە ئاشکرا پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای دەکرد و پشتگیری لە دوورخستنەوەی ئەسەد دەکرد لەسەر دەسەڵات.

بەڵام بومەلەرزەکەی 6 ی مانگی دووی ئەمساڵ کە سوریا و تورکیای هەژاند، وڵاتانی عەرەبی لە حکومەتەکەی ئەسەد نزیک کردەوە، مانگێک دواتر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێرانی هاوپەیمانی سوریا ڕاگەیەندرا.
.
سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG