Accessibility links

سکاڵایەک لەسەر سوریا لە دادگایەکی ئەمەریکا تۆماردەکرێت


هاووڵاتییەکی ئەمەریکی کە دەڵێت لە دەستبەسەری سوریادا ئەشکەنجە دراوە، سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە واشنتۆن تۆمارکردووە و داوای لێپرسینەوە دەکات.

عۆبادە مزایک کە لە ئۆهایۆ لەدایک بووە و هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی سوریایە، وتی هیوای بینینی خێزانەکەی بووە کاتێک لەەو دەمەی گەیشتە بە فڕۆکەخانەی دیمەشق لە مانگی یەکی ساڵی 2012 دەستبەسەر کراوە، ئەمەش نزیکەی ساڵێک بەسەر شەڕی ناوخۆیی دڕندانەدا تێپەڕیوە.

لە داوایەکی یاساییدا کە لە دادگای فیدراڵی لە واشنتۆن تۆمارکراوە، مزایک ڕایگەیاندووە، بردراوەتە ژوورێکی ژێرزەمین کە نزیکەی 10 کەسی دیکەی تێدابووە، لەنێویاندا کوڕێکی تەمەن 13 ساڵ کە دەڵێت زیاتر لە 80 ڕۆژە ئەشکەنجە دراوە.

مزایک کە پێشتر خوێندکار بووە لە سوریا کاتێک ناڕەزایەتییەکان دژی ئەسەد سەریان هەڵدا، بە شێوەیەکی دڕندانە و سیستماتیکی لێیدرا، قامچی لێدرا و هەڕەشەی ئەشکەنجەدانی بە کارەبا لێکرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بارودۆخی دەستبەسەرکردنی نامرۆڤانەدا ڕاگیراوە و ناچار بووە شایەتحاڵی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی دیکە بێت، لەنێویاندا یەکێک لە کەسوکارەکەی.

مزایک ئیدعای کردووە کە لێکۆڵەرانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری هێزی ئاسمانی سوریا ئازارێکی جەستەیی و دەروونی توندیان داوە لەکاتێکدا داوای زانیارییان لەسەر هاوڕێ و پەیوەندی وکارەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکادا کردووە..

لە داواکارییەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی خێزانەکەی لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە بەرتیلیان داوە، لە ماوەی مانگێکدا ئازاد کراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لەلایەن پزیشکەکانەوە چارەسەری بۆ کراوە، پێش ئەوەی بچێتە ئوردن و دواتریش ئەمەریکا.

مزایک داوای پارەیەکی دیارینەکراو دەکات وەک قەرەبوو لە حکومەتی سوریا بەپێی یاسایەکی ئەمەریکا کە دەڵێت حکومەتە بیانییەکان کە وەک سپۆنسەری دەوڵەتی بۆ تیرۆر دەستنیشانکراون پارێزبەندی نایانگرێتەوە.

داواکارییەکە لە مانگی یەکدا تۆمارکرابوو . بەڵگەنامەکانی دادگا دەریانخستووە کە باڵیۆزخانەی چیک لە دیمەشق کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لەو وڵاتەدا، بە فەرمی حکومەتی سوریای لەو داوایە ئاگادارکردووەتەوە.

لە کاتێکدا هێشتا ئەگەری زۆر کەم ماوە کە ئەسەد هەر جۆرە قەرەبوویەک بدات کە لە دۆسیەیەکی دادگادا دیاری کراوە، بەڵام ئەمەریکا پێشتر دەستی بەسەر پارەی ئێرانیدا گرتووە و وەک قەرەبوو تەرخانی کردووە.

ئەو داوایە لەکاتێکدایە کە گەلانی عەرەبی لە سعودیە کۆدەبنەوە لەسەر ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەسەد، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بە سەرکەوتنی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی سەیر دەکرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە هەرگیز پەیوەندییەکان ئاسایی ناکاتەوە یان پارەی ئاوەدانکردنەوە لە ڕێگەی ئەسەدەوە نادات بەبێ لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی ئەو شەڕەی کە بووەتە هۆی کوژرانی نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەی پێش جەنگ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG