گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕۆژی شەممە هۆشداری دایە ئەمەریکا سەبارەت بە هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە سوریا و جەختی کردوە کە هەر جۆرە هێرشێک دەستبەجێ وەڵامی دەدرێتەوە.
ئەو لێدوانانەی کەیوان خوسرەوی دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە زیادبوونی قوربانیانی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر هێزەکانی سەر بە ئێران لە سوریا هاتە ئاراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا 19 کەس کوژراون کە 16 یان چەکداری سوری و هاوپەیمانی حکومەتی دیمەشق و ئێران بوون.
ڕۆژی هەینی دوو هێرشی ئاسمانی لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر هەندێ بنکە لە سوریا ئەنجامدرا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و بەڵێندەرێکی دیکە و پێنج سەربازی ئەمریکیش بریندار بوون.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمەریکا دیارییان کردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە هێرشەکەی پێنجشەممەدا بۆ سەر هێزەکانیان دروستکراوی ئێران بووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە لێدوانەکەی ڕۆژی شەممەدا، بە توندی پەیوەندی ئێرانی بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ڕەتکردەوە و بە "درۆ" و هەوڵدان بۆ "دروستکردنی قەیرانی دەستکرد" ناودێری کردن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنا، کەیوان خوسرەوی ڕایگەیاندووە کە ئەو پێگە و بنکانە لەسەر داوای حکومەتی سوریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆر و توخمەکانی داعش لەو وڵاتەدا دروستکراون. ئەو گوتیشی هێرشکردنە سەر ئەو خاڵانە دەستبەجێ بەرەوڕووی وەڵام دەبێتەوە.
ئێران یەکێکە لە لایەنگرانی سەرەکی بەشار ئەسەد لە شەڕی ناوخۆی 12 ساڵەی سوریا و هێزەکانی سەر بە ئێران لەوانەش حزبوڵای لوبنان، بەشێک لە ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور و دەوروبەری دیمەشقیان کونتڕۆڵ کردوە.
زیادبوونی نفوزی ئێران لە سوریا وایکردووە ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی لەدژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی و گروپە پاڵپشتەکانی ئەنجام بدات، بەڵام ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا زۆر کەمتر بوون.
بەرپرسانی ئەمەریکا هێرشەکانی ئەم دواییەی سوریایان بە "مەترسیدار" وەسف کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا پێداگریان کردووە لە پاراستی هێزەکانیان لە سوریا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا