Accessibility links

عەمار گوڵی: خۆپیشاندان لە تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردەوە


لە سەرانسەری شارە کوردەکانی ئێران ڕۆژی سێشەمە خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە و خۆپیشاندەرانیش لە زۆربەی ناوچەکان دروشمی دژ بە ڕژێمی ئێرانیان دەگوتەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکانی کە پشت بە زانیاری چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن خۆپیشاندانەکان لە بەبۆنەی چوارشەممە سوری ( دواین چوارشەممەی ساڵ پێش نەورۆز) دەستیان پێکردووەتەوە.

ڕۆژنامەوان عەمار گوڵی بنکە لە ئەڵـمانیا کە بە وردی چاودێری ڕووداوەکانی نێو ئێران دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " خۆپیشاندانەکان لە دوێنێوە هێواش هێواش لە هەندێک شارەکان دەستیان پێکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە."

بە پێی زانیارییەکان خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی سێشەممە هەموو ناوچە کوردییەکانی گرتووەتەوە لە شارەکانی دەڕەشەهر، ئاودانان، ئیلام و ئەیوانی پارێزگای ئیلامەوە بگرە هەتا دەگاتە شائاباد، کرماشان، هەرسین و سەحنە، پاوە، جوانڕۆ، ڕەوانسەر و قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان و شارەکانی سنە، سەقز، کامیاران، بیجاڕ، دیواندەرە، دێگولان، مەریوان و بانە لە پارێزگای کوردستان و لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لە شاری ورمێ، ماکو ، شنۆ و پیرانشار خۆپیشاندان بووە.

جگە لە شارە کوردییەکان لە چەندین ناوچەی تریش خۆپیشاندان لە ئێوارەی چوارشەممە سوری ڕاگەیاندراوە، ماڵپەڕی هەواڵی هرانای بنکە لە ئەمەریکا کە پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت گرتەی ڤیدۆیی خۆپیشاندانی ڕەشت و ئەسفەهان بڵاو کردووەتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بە پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دەکات.

هەروەها دەشڵێت خەڵکی ناڕازی شاری مهاباد ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانیان سوتاندووە.

ڕۆژنامەوان عەمار گوڵی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی لە هەندێک لە ناوچەکاندا لە وانە سنە، جوانڕۆ و کرماشان " بە گولەی ساچمە و گازی فرمێسکڕژێن هێرش کراوەتە سەر خۆپیشاندەران و برینداریش هەیە،" هەرچەندە ئاماژەی بەوە نەکر چەند کەس لە خۆپیشاندەران بریندار بوون، بەڵام گوتیشی پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەران ڕوویداوە و "بریندار لە نێو هێزکانی پۆلیسش هەیە."

هەروەها گوتیشی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەستگیر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش دەڵێت "ئەو ڕاپۆرتانەی لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، کامیاران، سنە، سەقز و بۆکانەوە گەیشتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەن هاوکاتی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سوری هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتیان."

ڕۆژنامەوان گوڵی دەڵێت چونکە پێشبینی ئەم ئەم خۆپیشاندانانە دەکرا " هێزێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کراونەتەوە."

گوڵی دەشڵێت " هەوەکو لە دروشمەکانی خۆپیشاندەران دەیبینین، دواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران ڕووخانی ڕژێمی ئێرانە."

ئەم خۆپیشاندانانە لە کاتێکدایە ماوەیەکە خۆپیشاندانەکانی کە لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی لەسەرانسەری ئێران دەستیپێکرد، کەم بوبووەوە لە کاتێکدا لەو خۆپیشاندانانەی کە لە 16 ی مانگی نۆوە دەستیان پێکرد سەدان کەس کوژران و هەزاران بریندار بوون و بە دەیان هەزار کەسیش لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر کران.

XS
SM
MD
LG