Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت بانگەشەکانی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ' درۆیەکی دڕندانەیە '


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا نزیکە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو بانگەشەیەی نەخستەڕوو. ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە دەستبەجێ بانگەشەکەی بە " درۆیەکی دڕندانە " ناوبرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە ڕابردوودا لێدوانی هاوشێوەی داوە سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە و پرسەکانی دیکە کە هیچ بەرهەمێکیان نەبووە.

بەڵام عەبدوڵاهیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد ئێران " لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا گەیشتووە بە ڕێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا."

ئەمیرعەبدوڵاهیان وتی "سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوینەتە ڕێککەوتێک و ئەگەر هەموو شتێک لە لایەنی ئەمەریکاوە بە باشی بەڕێوە بچێت، پێموایە لە ماوەیەکی کورتدا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەبینین." وتیشی گوایە نوسراوێک لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا لە مانگی سێی ساڵی 2022 وە " بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ واژۆ کراوە و پەسەند کراوە." گوایە لە نوسراوەکەدا باس لە وردەکاری ئاڵوگۆڕکردنەکە دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ئەمە درۆیەکی دڕندانەی دیکەیە کە تەنها ئازار و ناڵەی خێزانی ' زیندانییەکان ' زیاتر دەکات."

پڕایس وتی " ماندونەناسانە کارمان کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو سێ هاوڵاتییە ئەمەریکییەی کە بە هەڵە لە ئێران دەستبەسەر کراون. هەرگیز ناوەستین هەتاوەکو لەگەڵ خۆشەویستانیاندا یەکییان نەخەینەوە."

هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی لە بەیاننامەیەکدا لێدوانەکانی عەبدوڵاهیانی بە " هەڵە " ناوبرد.

ئەنجومەنەکە وتی " بە داخەوە بەرپرسانی ئێران دودڵ نین لە دروستکردنی شت، نوێترین بانگەشە دڕندانەکەش ئازاری خێزانەکانی سیامەک نەمازی و عیماد شەرغی و موڕاد تەهباز زیاتر دەکات." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بە ناوی ئەو سێ هاوڵاتییە ئەمەریکییەی کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە تاران دەستگیرکراون.

ئێران لە مێژە هاوڵاتیانی بیانی ڕۆژئاوایی دەستبەسەر دەکات، بەڵگەکانیش دژی ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکییانە هەرگیز ئاشکرا نەکراون. دەستبەسەرکراوەکان ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئێرانیشیان هەیە، بەڵام تاران دان بەو ڕەگەزنامەیەدا نانێت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG