Accessibility links

هەرچەندە ئەمەریکا ڕەتیدەکاتەوە بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەوەی ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان لەگەڵ ئەمەریکا کراوە


ئێران ڕۆژی دووشەممە سوور بوو لەسەر ئەوەی لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمەریکا گەیشتووەتە ڕێکەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی واشنتۆن ئەو ڕەتی کردەوە شتێکی لەو جۆرە بووبێت و بە " درۆیەکی دڕندانە " ناودێری کرد.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "رێککەوتنێکی نووسراو لەسەر پرسی زیندانیانی ئەمەریکایی بوونی هەیە" و ئەگەر لایەنی ئەمەریکا "رێبازێکی واقیعی" بگرێتەبەر، دەشێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت.

سێ هاووڵاتی ئەمەریکی لە نێو لانیکەم 16 هاووڵاتی خاوەن پاسپۆرتی وڵاتانی ڕۆژئاوادان کە ئێستا بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە ئێران دەستبەسەر کراون. زۆربەیان خاوەن دوو هاووڵاتینامەن کە ئێران دانیپێدا نانێت.

ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی بەشداری دانوستانی ڕاستەوخۆ ناکەن بەڵکو لە ڕێگەی ناوبژیوانەوە پەیوەندی دەکەن.

کەنانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە تاران قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە وتووێژانە ساڵێک لەمەوبەر بووەتە هۆی ڕێککەوتن.

گوتیشی "لە مانگی سێی ساڵی 2022 ڕێککەوتنێکی نووسراو لەو بارەیەوە کراوە، کە نوێنەری فەرمی حکومەتی ئەمەریکاش واژۆی لەسەر کردووە."

ناوبراو "کێشەیەکی تەکنیکی لە لایەنی ئەمەریکا" و هەروەها سیاسەتی ناوخۆیی ئەمەریکا و "هەڵمەتە سیاسییەکان"ی بە هۆکاری دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە زانی.

حسێن ئەمیر-عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ یەکەمجار ڕۆژی یەکشەممە باسی ئەو بابەتەی کردبوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ئەمە درۆیەکی دڕندانەی دیکەیە کە تەنها ئازار و ناڵەی خێزانی ' زیندانییەکان ' زیاتر دەکات."

پڕایس وتی " ماندونەناسانە کارمان کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو سێ هاوڵاتییە ئەمەریکییەی کە بە هەڵە لە ئێران دەستبەسەر کراون. هەرگیز ناوەستین هەتاوەکو لەگەڵ خۆشەویستانیاندا یەکییان نەخەینەوە."

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە هەروەها باسی لە شەش هاووڵاتی فەڕەنسایش کرد کە لە زیندانەکانی ئێران ڕاگیراون.

کەنعانی گوتی " هیوادارم ببینین شتگەلێکی باش سەبارەت بەم بابەتە ڕووبدات".

بەڵام هۆشداریدا لەوەی ئەوەی کە بە " ڕۆڵی دەستوەردانی" فەرەنسا لە کاروباری ناوخۆی ئێراندا ناودێری کرد و گوتی ئەمە تەنها هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنیان پووچەڵ دەکاتەوە.

ئەو دیپلۆماتکارە ڕایشیگەیاند " حکومەتی فەرەنسا هەڵوێستێکی نا بنیاتنەری گرتۆتەبەر و ڕۆڵێکی دەستێوەردان دەگێڕێت لەسەر پێشهاتە ناوخۆییەکانی ئەم دواییانەی ئێراندا."


کەنانی ئاماژەی بە لێدوانەکانی فەرەنسا کرد سەبارەت بەو بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەی کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی مانگی 10 ی 2022 وە هاتە ئاراوە.

لەو ناڕەزایەتییانەی کە بەرپرسانی ئێران بە گشتی بە "ئاژاوەگێڕی" وەسفیان کردبوو، سەدان کەس لە نێویاندا دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکانیش کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیر کرون.

سەرچاوە: فرانس پرێس



XS
SM
MD
LG