Accessibility links

هادی ڕەسوڵزادە: پێدەچێت ئاگری  نەورۆز گڕ بەربداتەوە شەقامی ئێران


بە گوێرەی سەرچاوەکان ئێران چەندین میکانیزمی گرتووەتەبەر بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە دژی حکومەتی ئێران بوون.

پارێزەرێک دەڵێت، لە دوای ئاسایی بووونەوەی ئاڵۆزیەکانی دۆخی ئەمنی ئێران، حکومەت زۆر بە وردی کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەکات، تەنانەت ئەگەر ڕۆڵێکی کەمیشیان هەبووبێت لە هاندان یان بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا.

شەوبۆ خزری پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بنکە لە تاران بە دەنگی ئەمەریکای وت" لەبەر ئەوەی ئێستا دەوڵەت کاتی لەبەردەستدایە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ئەگەر کەسێک ستۆری یان پۆستێکی کردبێت، لەبارەی حیجاب، حکومەت، یان خۆپیشاندانەوە، دەستگیریان دەکات، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی زیاتر دەستگیر دەکرێن لە ئێران."

هەرچەندە لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا کە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران، حکومەت بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاکار لە ئێران، کە ئەرکی سەرەکیان دەستگیرکردنی ئەو ژنانە بوو کە یاساکانی ئێران لە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ جێبەجێ ناکەن، ئەو کات ڕایانگەیاند کە دەکرێت پێداچوونەوە بە پۆشینی حیجابدا بکەن، بەڵام هەر زوو دوای دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان حکومەت دەستی کردەوە بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی ئەو ژنانەی حیجاب ناپۆشن.

لەو بارەیەوە شەوبۆ دەڵێت " حکومەت ماوەی مانگێکە، بە توندی چاودێری خانمان دەکات بۆ ئەوەی پابەندی حیجابیان بکات، تەنانەت لەڕێگەی کامێراکانی چاودێریەوە، چاودێری هەموو ژنان دەکات، ئەگەر یەکێک پەیوەست نەبێت بە پۆشینی حیجاب ڕاستەوەخۆ دەستگیریان دەکات."

هەرچەندە لە ئێستادا خۆپیشاندانەکان زۆر کەم بوونەتەوە تەنیا لە بەلوچستان بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ هەیە، بەڵام هادی ڕەسوڵزادە وتەبێژی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "ئێرانیەکان بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن کە جارێکی تر گڕ بەر بدەنەوە شەقامی ئێران و بە گڕوتینەوە دەست بە خۆپیشاندانەکان بکەنەوە، بۆ ئەمەش پێدەچێت ئاهەنگی نەورۆز بکرێتە ئەو دەرفەتە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکەیان لە مانگی ڕابردوەوە تا ئێستا 280 کەس دەستگیرکراون بەڵام پێناچێت ئەمە کاریگەری لەسەر زیندوبوونەوەی نەفەسی توڕەیی خەڵکدا هەبێت."

بە پێ بەیاننامەیەکی ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵات، کە لە بەشێک لە حزبە کوردیەکانی ئێران پێکهاتووە، داوا لە هاووڵاتیان و شەقامی گشتی دەکەن کە نەورۆز بکرێتە هەڵوێستێکی گشتی و ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران لە سەرانسەری ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە، کە پێدەچێت، ببێتە هەنگاوی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ژینا.

پاش مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز، لە تاران، لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە رەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. ئەو خۆپیشاندانانە بە شۆڕشی ژینا ناودێر کرا کە تیایدا سەدان ژن لە شاقەمەکانی شارە سەرەکییەکانی ئێراندا لەچکەکانیان فڕێدا و پرچی خۆیان بڕی.

بە پێی ئاژانسی هرانای بنکە لە ئەمەریکا کە بۆ زانیارییەکانی پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، لە کاتی ئەو خۆپیشاندانەکانی کە لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکرد، بەلایەنی کەم 522 کەس گیانیان لەدەستدا لە ناویاندا 70 منداڵ و 68 کەسیش لە هێزە چەکدارەکانی ئێران. بە پێی ئاژانسەکانی مافەکانی مرۆڤ بە دەیان هەزار کەسیش لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

XS
SM
MD
LG