Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی: با بەهۆی کێشەی بچووکەوە ئەو دەرفەتە زێڕینەی لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەیە لەدەست نەدەین


Nechirvan Barzani
Nechirvan Barzani

سەرۆکی هەرێمی کوردستان عێراق داوا لە تیمی یەکێتی نیشمانی کوردستان دەکات بگەڕێنەوە نێو کۆبونەوەکانی حکومەت.

نێچیرڤان بارزانی لە سێهەم ڕۆژی کۆڕبەندی هەولێر لە گفتوگۆیەکدا بە ناونیشانی " گرفتە سەرەکییانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی هەرێمی کوردستان" قسەی کرد.

بارزانی ئەو گفتوگۆیەی بە دەرفەتێک زانی بۆ ئەوەی داوا لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و تیمەکەی یەکێتی لە حکومەت بکات بگەڕێنەوە نێو کۆبونەوەکان.

بارزانی گوتی "داوا لە کاک قوباد و تیمی یەکێتی دەکەم، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لە نێو کۆبونەوەکاندا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، نابێت ئەو دەرفەتەی باشەی بۆ هەرێمی کوردستان هاتوەتەپێش لەدەستی بدەین".

ڕۆژی چوارشەممە لە دووهەم ڕۆژی کۆڕبەندی هەولێردا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆبونەوەکان گوتی "بۆ یەکێک تەلەفۆنی بۆ ناکات بڵێت کاک قوباد بۆ نایەیت بۆ کۆبوونەوە؟ یەک تەلەفۆن نەکراوە. تەلەفۆنێکی بۆ بکەن. بڕۆن چایەک بخۆن لای، وەڵا دونیا کاول نابێت. با بڕوات یەکێک لەگەڵ کاک قوباد چایەک بخوات و بڵێت 'کوڕم بۆ وادەکەیت؟ چی هەیە لە ناو دڵت؟ کێشەی یەکێتی چییە؟''

لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە پاش زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیری هەرێم و تیمی یەكێتی بەشداری کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ناکەن.

بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەی دانی بەوەدا کە کێشە لە نێوان هەردوو لایەندا هەیە گوتیشی نابێت ئەو دەرفەتە زێڕینەی لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا هەیە بە " شتی بچووکی زۆر بێمانا" لە دەستبدەین.

سەربارەت بە ئەگەری دروستبووی ناکۆکی چەکداری لە نێوان لانەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم گوتی بە " دڵنیاییەوە شتی وا نابێت، لایەنەکانی کوردستان بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ئەو قۆناغەیان دەمێکە بەجێهێشتووە."

سەبارەت بە هەوبوونی خواستی ڕێککەوتن لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی " دەبێت ڕێکبکەون هیچ چارەسەرێکی تریان نییە."

بارزانی باسی لە ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کرد و گوتی "هەموو شتێک خەتای بەغدا نەبووە، هەموو شتێکیش خەتای هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتێک دەژین کە پێی دەڵێن عێراق. روونیشە دەستوورێکمان هەیە کە هەموومان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە. بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان، دەبێ هەوڵی جیدی بدرێت بۆ ئەوەی ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە هەنگاوەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن و نامانەوێ هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەدەستبدەین."

سەبارەت بە دەرکردنی یاسای نوێی نەوت و غاز و بدودجە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "بۆ عێراق چەند یاسایەک زۆر زۆر گرنگن بۆ ئەوەی ببنە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری: یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز و یاسای دابەشکردنی داهات. پرسەکانی دیکەش هەمووی گرنگن؛ پرسی چارەسەری مادەی 140 و شنگال. بەڵام با ئێمە واقعبین بین؛ با لە شتێکەوە دەستپێبکەین. ئەو ویستە زۆر زۆر پێویستە هەبێت. گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی زۆر باشترە لەوەی ئێستا هەیەتی. ئاستی خزمەتگوزارییەکان دەبێ زۆر باشتربن لەمەی ئێستا هەیە، عێراق نەوەیەکی زۆر گەنجی هەیە و پێویستە سیاسییەکانی عێراق ئەمە بە جیدی وەربگرن."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووهەم کۆڕبەندی هەولێردا باسی لە پرسی تری هەرێم و عێراق و ناوچەکە کرد، لە ناویاندا پرسی مەترسییەکانی تیرۆر، داهاتووی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە و چەندین بابەتی تریش.

کۆڕبەندی دووهەمی هەولێر هەتا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و تیایدا چەندین مێزگرد و پانێڵ لەسەر پرسە نێوخۆیی و جیهانییەکان ئەنجام دەدرێت.

XS
SM
MD
LG