Accessibility links

فەرەیدوون عەبدولقادر: گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی پارتی و یەکێتی متمانە و باوەڕییان بە یەکتر نەماوە


سەبارەت بە دەنگۆی هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان پارتی و یەکێتی لە لایەن فەرەیدوون عەبدولقادر کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، ناوبراو بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت و دەڵێت وەک پێشووو گەشبین نیم سەبارەت بە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، چونکە گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی پارتی و یەکێتی متمانە و باوەڕییان بە یەکتر نەماوە.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە دەربارەی هەوڵی نێوەندگیرییەکە زیاتر ڕوونیکردەوە و وتی: من بە شێوەیەکی فەرمی و جددی ئێستا نەکەوتومەتە نێوەندگیری، بەڵام زۆر جار هەوڵمداوە لە نێواندا لەگەڵ خەڵکی پیاوچاکی تردا کە ئەو ناکۆکیانە بە ڕێگەیەکی شارستانی و بەڕێگەی دایالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکەن.

فەرەیدوون عەبدولقادر بێ ئومێدبوونی خۆی لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی نەشاردەوە و وتی: من بە ڕاستی گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە لە یەکتر دوورن و دەبێت کات مەسەلەکان ئاسانتر بکات، ئەو کاتە چارەسەر ببێت، چونکە هیچ متمانە لە نێواندا نەماوە و ئەو دوو لایەنە باوەڕیان بە یەکتری نەماوە.

وتیشی بەهەرحاڵ مەسەلەی ئەم هەرێمە کەوتۆتە ئەستۆی ئەوان کە بێگومان پشێویی یان ڕێککەوتن بە هەردوولایەنەکە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سەرجەم عێراق و بۆسەر دراوسێکانیشمان.

بە بڕوای فەرەیدوون عەبدولقادر خۆ ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێکیش بکەون ئەو ڕێککەوتنە نابێت کە ئەوان هیوای پێدەخوازن.

لەو ڕووەوە ناوبراو وتی من باوەڕم وایە هەلومەرجەکان وەا دەخوازێت ڕەنگە نزیک ببنەوە لەیەکتری، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە نابێت ئێمە دەیخوازین کە لە زەمانی خوالێخۆشبوو (مام جەلال) کاری بۆ دەکرا و تێدەگەیشت بەڵام ئێستا ئەو تێگەیشتنە کەمە و بە داخەوە ململانێی حزبی زاڵترە لە گیان و ڕۆحیەتی تێگەیشتن لە مەسەلەی ئەم نیشتیمانە و لە داخوازی و پێویستیەکانی خەڵکی کوردستان لەبەر ئەوە بەڵێ وەکو جاران گەشبین نیم.


سەبارەت بە هۆکاری ڕێککنەکەوتنی پارتی و یەکێتی، فەرەیدوون عەبدولقادر وتی: هەرکەس باش لە بەرژەوەندییەکانی خۆی تێدەگات و لەسەر ئەو بنەمایە بیر لەهەموو شتێک دەکاتەوە لەبەرئەوە من پێموایە ئەو دوولایەنە دوورکەوتونەتەوە لە یەکتری، من چەند جارێک لەگەڵ برادەرانی پارتی قسەم کردووە ئامادەیی تەواویان پیشانداوە بۆ ئەوەی پێکبێن.

هەروەها وتی: بەداخەوە جاران حزبەکان پێشڕەو بوون بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەڵام ئێستا وەهای لێهاتووە حزبەکان کەوتونەتە دوای کۆمەڵانی خەڵک.


دوێنێ دووشەممە باڵانبۆ محەمەد پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: زۆنی سەوز ناچار دەکرێت حکومەتی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەگەر دۆخەکە درێژەبکێشێت، جگە لەوە دەنگۆی دوو ئیدارەیی ماوەیەکی درێژە لەگەڵ زەقبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دێتەوە بەرباس.

فەرەیدوون عەبدولقادر پێی وایە هەر خۆی هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیە، لەو ڕووەوە ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت لە واقیعدا دەمێکە ئەم دوو هەرێمیە هەیە، بەڵام لەسەر دەستور و لەسەر شتی فەرمی یەک هەرێمە ئەگەرنا سەرۆک وەزیرانی هەرێم زۆرباش دەسەڵاتی نییە بەسەر دامودەزگاکانی ناوچەی سەوزدا.

فەرەیدوون عەبدولقادر زیاتر وتی ئەوە ڕاست نییە کە ئەمە یەک هەرێمە و یەک یاسا و ڕێسا بەڕێوەی دەبات، بەڵام منیش دەبیستم تەقەلایەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن دەریچەیەک بدۆزنەوە لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەون بۆئەوەی لانی کەم ئەگەر هەرێمیش دابەش نەکەن داهاتەکان بەجۆرێک دابەش ببێت واتە بەڕاستەوخۆ داهات بخرێتەژێر دەستی حکومەتی ناوەندییەوە بۆئەوەی بودجە و هەموو پێویستیەکانی مووچە و پرۆژەکان بگات بەم ناوچەیە ئەم تەقەلایە هەیە بەڵام بڕواناکەم سەربگرێت چونکە ئەو دوو حزبە هەردووکیان پەیوەندیان هەیە لەگەڵ حزبەکانی عێراقیدا و هێزەکانی عێراقیدا.

هەروەها وتیشی جگە لەوە دەستور بە ئاسانی ڕێگە نادات بەوەی هیچ لایەک بتوانێت بە ئاسانی کەرتێک لەو هەرێمە جیابکاتەوە و بیباتەسەر خۆی چونکە لە دەستوردا دەستنیشانکراوە کە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە سێ پارێزگا.

هەرچەندە ئەمڕۆ سێ شەممە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و بڵاوکرایەوە کە هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لەم ساڵدا گەیشتونەتە ڕێککەوتن.

بەڵام بە بڕوای فەرەیدوون عەبدولقادر زەحمەتە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامبدرێت.

لەو ڕووەوە فەرەیدوون عەبدولقادر وتی: ئەگەرچی هەردوو حزبەکە جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن لەم ساڵدا، بەڵام من بە زەحمەتی دەبینم و پێموایە هەڵبژاردن ناکەن.


XS
SM
MD
LG