Accessibility links

بافڵ تاڵەبانی: هەولێر خەریکە خەڵک دەنێرێت بۆ واڵایی کەچی سلێمانی هەر وەک خۆیەتی


بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆڕبەندی هەولێر کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، گوتی گوایە نایەکسانی هەیە لە دابینکردنی داهات و خزمەتگوزاری لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا.

بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی ڕایگەیاند، "ئێمە کێشەی سیاسیمان کەمە، ئێمە کێشەی خزمەتی خەڵکمان هەیە. من نامەوێت لە کوردستان خەڵک بە دوو جۆر سەیربکرێت."

هەروەها ڕایگەیاند، "من 2002 لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود و مام جەلال و کاک کۆسرەت دانیشتم، مام جەلال بە کاک مەسعودی وت، 'با شتێک بکەین هەولێر وەکو سلێمانی لێبێت.' ئێ هەولێر خەریکە خەڵک دەنێرێت بۆ فەزا، وە یاخوا دەینێرن و دەستخۆشیتان لێدەکەم، بەڵام سلێمانی هەر وەکو خۆی ماوە."

سەبارەت بە پرسە چارەنوسسازەکانی کورد لەگەڵ بەغدا، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە یەکێتی و پارتی لە ئێستادا بەیەکەوە کارناکەن. دەربارەی پرسی کەرکوک، بافڵ تاڵەبانی گوتی کە کارکردنی بەیەکەوەی هەردوو حزب "سفرە."

ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی باڵادەست لە سلێمانی باسی ئەوە دەکەن نا یەکسانی لە دابەشکردنی داهات و گرنگیدانی حکومەت هەیە لە "زۆنی سەوز" بە بەراود بە "زۆنی زەرد." پێشتر چەند بەرپرسێکی یەکێتی باسی ئەوەیان کردووە کە پێویستە سلێمانی ڕاستەوخۆ هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ بەغدا بەهۆی بەردەوامی "قۆرغکاری" لە لایەن بەرپرسانی پارتیەوە.

لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی بە دەستگرتن بەسەر داهاتی سلێمانی و کوشتنی پلەدارێکی دژەتیرۆر لەهەولێر تۆمەتبار دەکات.

بەڵام سەرەڕای ئەو ئاڵۆزیانەی نێوان هەردوو حزب، بافڵ تاڵەبانی لە درێژەی لێدوانەکەیدا لە کۆڕبەندی هەولێر لە بایەخی ناوەڕۆکی ئەو ناکۆکیانەی کەمکردەوە و گوتی، "حەقە ئێمە بە شتی تر خۆمان سەرقاڵ بکەین. ئەم شتە بچوکانەی کە کردومانە بە کێشە بە 5 خولەک چارەسەردەبن."

بەبێ ڕاستەوخۆ ناوهێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکە باسی ئەوەی کرد کە گوایە لە هەولێر هێز دژ بە جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی برای بەکارهێندراوە، مووچەی دژە تیرۆری یەکێتی بڕدراوە و لە ناوچەی سلێمانی هێز بۆ لایەنی تر درووستدەکرێت.

پێشتر یەکێتی ئەم بابەتانەی وروژاندووە بەڵام پارتی بە فەرمی وەڵامی نەداونەتەوە.

پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی، کە دوو حزبی سەرەکی هەرێمی کوردستانن، لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە پەیوەندییەکانیان بە ئەندازەیەکی زۆر تێکچووە. تا ئێستا ئەوە بۆ چەندین مانگە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ناکەن.

سەبارەت بە بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن تیمی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی ڕەخنەی ئەوەی گرت کە گوایە تیمی پارتی بە شێوەیەکی ڕژد هەوڵی چارەسەری نیگەرانیەکانی قوباد تاڵەبانی نەداوە.

بافڵ تاڵەبانی گوتی، "بۆ یەکێک تەلەفۆنی بۆ ناکات بڵێت کاک قوباد بۆ نایەیت بۆ کۆبوونەوە؟ یەک تەلەفۆن نەکراوە. تەلەفۆنێکی بۆ بکەن. بڕۆن چایەک بخۆن لای، وەڵا دونیا کاول نابێت. با بڕوات یەکێک لەگەڵ کاک قوباد چایەک بخوات و بڵێت 'کوڕم بۆ وادەکەیت؟ چییە لە ناو دڵت؟ کێشەی یەکێتی چییە؟''

بافڵ تاڵەبانی هۆشداری دا "باروودۆخمان زۆر خراپە." وەک ئاماژە بە دەستلەکارکێشانەوەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند کە "هەموو پەرلەمان چۆڵبوو."

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕایگەیاند کە هەلێکی "زێڕین" لەبەردەستە بۆ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تا بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری پەسەندکرد کە لە ماوەی ڕابردوودا نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردبوو.

لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندی هەولێر لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە (28/2/2023) یەکێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێم ڕێککەوتن، کە گرینگترینیان بریتی بوو لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بە چوار بازنەی هەڵبژاردن.

XS
SM
MD
LG