Accessibility links

بلینکن و لاڤرۆڤ بۆ یەکەم جار لە پاش شەڕی ئۆکرانیا، کۆدەبنەوە


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی دیپلۆماتە باڵاکانی کۆمەڵەی 20دا، دانیشتنێکی کورتیان ئەنجام دا. ئەمەش یەکەم کۆبونەوەی ئاست بەرزی نێوان هەردوو وڵاتە لە ماوەی چەندین مانگی ڕابردوودا.

کاربەدەستە ئەمەریکاییەکان و بلینکن لەگەڵ لاڤرۆڤدا بۆ نزیکەی 10 خولەک گفتوگۆیان کرد لە پەراوێزی کۆنفرانسی کۆمەڵەی 20 لە نیودەلی هندستان.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوە کورتە لە کاتێکدا بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لە ئێستادا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە بەهۆی گرژییەکان لەسەر شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا .

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی بلینکن ئەو گفتوگۆیەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی سێ خاڵ بۆ لاڤرۆڤ بخاتەڕوو: یەک ئەمەریکا پشتگیری ئۆکرانیا دەکات لە هەرچەند پێویست بکات تا کۆتایی بە شەڕەکە دێت، دووهەم پێویستە ڕووسیا لە بڕیارەکەی بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردن لە پەیماننامەی ئەتۆمی نوێی START پاشگەزبێتەوە، و سێهەم ئەوەی کە مۆسکۆ پێویستە پۆڵ ویلەنی ئەمەریکایی ئازاد بکات.

ئەو بەرپرسە کە بە مەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت قسەی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس کردووە دەشڵێت بلینکن بە تەواوەتی ئەوەی بۆ لاڤرۆڤ خستە ڕوو کە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کەم نابێتەوە.

ئەو بەرپرسە ڕەتیکردەوە لێکدانەوە بۆ وەڵامەکەی لاڤرۆڤ بکات، بەڵام وتی بلینکن ئەو بڕوایەی بەدەست نەهێناوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەفتاری ڕوسیادا ڕووبدات.

جاری ڕابردوو کە بلینکن و لاڤرۆڤ لە مانگی 1 ی ساڵی 2022 لە ژنێڤی ڕووسیا سویسرا کۆبونەوە کە ڕۆژێک پشێش هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بوو بۆ سەر ئۆکرانیا. لەو کۆبونەوەیەدا بلینکن هۆشداری دا بە لاڤرۆڤ لەسەر ئەو درەنجامانەی ڕووسیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەگەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەستپێبکات، بەڵام هەروەها هەوڵیشی دا چارەسەری هەندێک گلەیی بکات کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بە ئەمەریکا و ناتۆ کردوویەتی.

ئەو دانوستانانە بێ ئەنجام بوون، چونکە ڕووسیا بەردەوام بوو لە پلانەکەی و دواتر بلینکن کۆبوونەوەی بەدواداچوونی بەرنامە بۆ داڕێژراوی لەگەڵ لاڤرۆڤ هەڵوەشاندەوە کە تەنها دوو ڕۆژ بوو پێش ئەوەی مۆسکۆ لە کۆتاییدا لە 24ی مانگی دووی 2022 چووە ناو ئۆکرانیاوە.

ئەو دوو کەسە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە پێکەوە بەشدارییان لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیدا کردووە، بەتایبەتی دوایین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی 20 لە ساڵی ڕابردوو لە بالی لە ئەندەنوسیا، بەڵام تا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕووبەڕوو پێکەوە قسەیان نەکردبوو.

XS
SM
MD
LG