Accessibility links

بلینکن سەردانی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە ناوەڕاستی ئاسیا و لەگەڵ بەرپرسانی سەرجەم پێنج وڵاتەکەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەتدا کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای یەکەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

سەردانەکەی بلینکن بۆ وڵاتانی وەکو کازاخستان و ئۆزبەکستان یەکەمین سەردانییەتی وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە.

گەشتەکەش چەند ڕۆژێک دوای ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دێت لە ئۆکرانیادا، کە تاقیکردنەوەیەکیش بووە بۆ کاریگەرییەکانی مۆسکۆ لە ناوچەکەدا، کە هەریەک لە کریجستان و تاجیکستان و تورکمانستانیش لە خۆدەگرێت.

ڕابەرانی ناوچەکە بوێری ئەوەیان هەبووە دژ بە ڕووسیا بوەستنەوە، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانیانەوە لە کاتێکدا کە مۆسکۆ چاوی لە بازاڕ و ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتانەیە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا.

بلینکن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سەرجەم پێنج وڵاتەکەی ناوەڕاستی ئاسیادا لە ئەستانە کۆدەبێتەوە و دواتر گەشت دەکات بۆ تاشکینتی پایتەختی ئۆزبەکستان.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا زیاتر کردووە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ دەرخستنی سوودەکانی هاریکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە لە ململانێکاندا لەگەڵ ڕۆژئاوا.

ڕۆژی سێشەممە بلینکن لە ئەستانای پایتەختی کازاخستان لەگەڵ سەرۆکی کازاخستان کاسیم گۆمارت تۆکایڤدا کۆبۆوە، کە لە مانگی یانزەدا دووبارە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە دەستنیشان کرایەوە و بە ئاشکرا دژی بانگەشەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەبارەت بە ناوچەکانی ئۆکرانیا وەستاوەتەوە.

لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی، تۆکایڤ بە بلینکنی وت " هاوبەشییەکی زۆر باش و درێژخایەنمان بونیادناوە لە زۆر بواری گرنگی وەکو ئاسایش و وزە و بازرگانی و وەبەرهێناندا."

لە ماوەی ڕابردوودا بلینکن بە وەزیری دەرەوەی کازاخستان موختار تیلوبیردی وت واشنتن پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کازاخستان دەکات کە لە ساڵی 1991 دا لە ڕووسیا جیا بۆوە و بووە وڵاتێکی سەربەخۆ.

بلینکن وەکو ئاماژەیەک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا وتی " هەندێک کات تەنها ئەو وشانە دەڵێین، بەڵام لە ڕاستیدا مانایەکی ڕاستەقینەیان هەیە و بێگومان بە تایبەتی لەم کاتەدا مانادارترن."

ڕووسیا و کازاخستان درێژترین سنووری وشکانییان لە نێواندایە لە جیهاندا، ئەوەش نیگەرانی لەلایەن هەندێک لە کازاخەکانەوە دروست کردووە سەبارەت بە ئاسایشی وڵاتێک کە دوای ئۆکرانیا زۆرترین نەژادی ڕووسی تیادا دەژی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG