Accessibility links

پوتن داوای پتەوکردنی سنوورەکانی ئۆکرانیا دەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە بەرپرسانی ڕووسیا کرد سنوورەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا توندتر بکەنەوە، ئەوەش دوای چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە مۆسکۆ کیێڤی بە بەرپرس داناوە لێیان.

ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەنها 100 کم دوور لە مۆسکۆوە کەوتە خوارەوە.

لە کاتێکدا کە پوتن لە وتارەکەیدا لە مۆسکۆ هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەسەر هێرشەکان، لێدوانەکانی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بوون فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چەندین ناوچەیان لە باشوور و ڕۆژئاوای ڕووسیا کردە ئامانج، بەرپرسانی ڕووسیاش سنووری ئاسمانی سەینت پیتەرسبێرگییان داخست، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ڕاپۆرتەکان کە دەڵێن هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەبوون.

هەر لە ڕۆژی سێشەممەدا چەندین کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووسی ئاگادارییاندا لەسەر هێرشی موشەکی کە بەرپرسانی ڕووسیا بەرپرسیارێتییەکەیان خستە ئەستۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتەوە، بەڵام ئاسایشی ڕووسیای هەژاند لە کاتێکدا کە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا هەفتەی ڕابردوو چووە دووەمین ساڵییەوە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەستبەجێ بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان ڕانەگەیاند، بەڵام بە هەمان شێوە خۆیان بە دوورگرتووە لەوەی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکانی دیکەی سەر ڕووسیا ڕابگەیەنن، هاوکات جەختیان لە مافی ئۆکرانیا کردۆتەوە بۆ هێرش کردنە سەر ئامانجەکانی ناو ڕووسیا دوای داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیادا.

بەپێی بەرپرسانی ناوخۆی ڕووسیا، شەوی دووشەممە و بەیانی ڕۆژی سێشەممە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئەو هەرێمانەی ڕووسیایان کردە ئامانج کە سنوورییان بە ئۆکرانیاوەیە.

فەرمانڕەوای ئەو هەرێمەی کە دەکەوێتە دەوروبەری مۆسکۆوە، ئاندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک گوندی گوباستۆڤۆوە کەوتۆتە خوارەوە، کە 100 کم لە مۆسکۆوە دوورە.

ڤۆرۆبیۆڤ وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هیچ زیانێکی لێنەکەوتۆتەوە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئۆکرانی بووە یاخود نا، بەڵام وتی " ژێرخانێکی مەدەنی " کردۆتە ئامانج.

وێنەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەریدەخات کە فڕۆکەیەکی دروستکراوی ئۆکرانیایە. گوایە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە 800 کم دەڕوات، بەڵام لە توانایدا نیە تەقەمەنییەکی زۆر هەڵبگرێت.

فەرمانڕەوای هەرێمی بریانسک ئالیکساندەر بۆگۆماز وتی لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ڕووسیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان بەسەر هەرێمی بریانسکەوە خستۆتە خوارەوە. وتی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

بەرپرسانی ناوخۆی هەرێمی بێلگۆرۆد وتیان شەوی دووشەممە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەرێمی بێلگۆرۆدییان کردۆتە ئامانج، یەکێک لە فڕۆکەکان بە ناو پەنجەرەی یەکەیەکی نیشتەجێبووندا ڕۆیشتووە. فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیانێکی کەمییان گەیاندووە بە بینا و ئوتومبێلەکان، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئۆکرانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کراسنۆدار و هەرێمی ئادگیای دراوسێی. وتیشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خراونەتە خوارەوە، یەکێک لە فڕۆکەکان لە کێڵگەیەکدا کەوتۆتە خوارەوە و لە ئاڕاستەکەی خۆی لایداوە و دامەزراوەکەی نەپێکاوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG