Accessibility links

ڕزگاربوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا لە کەشێکی زۆر سارددا شەو لە نێو ئۆتۆمبێلەکان و سەر شەقامەکان بەسەردەبەن


پلەی گەرما لە شاری عەنتاب لە تورکیا کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە دابەزی بۆ پێنج پلەی سەدی دابەزی لە کاتێکدا هەزاران خێزان شەوەکەیان لەناو ئۆتۆمبێل و دەوارە کاتیەکاندا بەسەر برد.

دایک و باوکان لەسەر شەقامەکانی ئەو شارەی کە نزیکە لە نێوەندی بوومەلەرزەکەوە مناڵەکانیان لە بەتانی پێچابوو و بەسەر شەقامەکاندا پیاسەیان دەکرد چونکە گەرمتربوو بۆ منداڵەکان وەک لەوەی لە ناو دەوارەکاندا دانیشن.

مەلەک هالیچی کە کچە تەمەن دوو ساڵەکەی لە بەتانییەکدا لە باوەشی پێچابوو لە کاتێکدا تەماشای کارمەندانی فریاگوزاری دەکرد درەنگانێکی شەو بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند " کاتێک دادەنیشین زیاتر هەست بە ناڕەحەتی دەکەین و هەر دڵم لای ئەوانەیە کە لە ژێر داروپەردووەکاندا گیریان خواردووە."

گوتیشی " هەر دەبێت بگەڕێمەوە ناو چادرەکە، بەڵام نە دەتوانم بەرگەی سەرماکە بگرم و نە دەشتوانم بیر لەوە بکەمەوە بچمەوە شوقەکەی خۆمان."

دەسەڵاتدارانی شارەکە ڕێگرییان لە هەزاران دانیشتوو کردووە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوقەیانەی کە بە مەترسیدار دادەنرێت بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی کە ڕۆژانە ناوچەکە دەهەژێنن.

هەندێک کەس ڕوویان کردووەتە ماڵی ناسیارەکانیان یان خزمەکانیان. هەندێکیان ناوچەکەیان بەجێهێشتووە. بەڵام زۆرێک هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن.

شەوانە هۆڵەکانی وەرزش و مزگەوت و قوتابخانە و هەندێک فرۆشگا کراونەتەوە. بەڵام هێشتا جێگای خەڵکەکە نابێتەوە و هەزاران کەس شەوانە لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بەسەر دەبەن و بزوێنەرەکانی ئۆتۆمبێلەکان تا بەیانی کاردەکەن بۆ تا گەرمییان پێببەخشێت.

سلێمان یانیک، کاتێک لەگەڵ منداڵێک دانیشتبوو و یاری بە سوکانەکەی ئۆتۆمبێلەکەی دەکرد و هاوسەرەکەی و منداڵێکی دیکەشی لەسەر کورسی پشتەوە خەوتبوون، وتی "هیچ بژاردەیەکم نییە لەمە زیاتر."

گوتیشی ڕەوشێکی زۆر ناخۆشە بەڵام ناتواین بچینەوە ماڵەوە.

بورهان کاگداس، بەڕێوەبەری چێشتخانەیە، لە دوای بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە بەهۆی باری دەرونی خێزانەکەی کە ناوێرن بگەڕێنەوە ماڵەوە ، لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دەخەون.

ئەو نەیدەزانی تا کەی بەو شێوەیە دەتوانن بمێننەوە.

زۆرێک لە خێزانەکان گلەیییان لە مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری بومەلەرزە کردووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە میانی گەشتێکیدا بۆ ناوچەکە دانی بەوەدانا کە "کەموکوڕی" هەبووە، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بازنەی کارەساتەکە زۆر گەورەیە بۆ هەر حکومەتێک کە بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات.

خێزانە هەژارەکانی کە لە دەوروبەری قەڵای سەدەی شەشهەمی عەنتاب دەژین بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە ئەوان دەڵێن حکومەت هیچی بۆ نەکردوون.

ئەحمەد حوسەین دەڵێت " هەر هیچ نەبێت دەیانتوانی هەندێک چادرمان پێبدەن."

ئەو باوکە تەمەن 40 ساڵانەی کە خاوەن 5 منداڵە کە ماڵەکەیان بە تەواوەتی وێران بووە گوتیشی " منداڵەکانمان وا لە سەرمادا ڕەقدەبنەوە."

بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە تورکیا و سوریا ڕوویدا هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 12 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسی تریش برینداربوون. لە پاش ئەو بوومەلەرزەیەوە شارەزایان دەڵێن بەلایەنی کەم 100 بوومەلەرزەی سوکتر لە ناوچەکە ڕوویداوە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG