Accessibility links

ئایا کات و ساتی ڕوودانی بوومەلەرزە پێشبینی دەکرێت


توێژەرێکی هۆڵەندی بە ناوی فرانک هۆگەربیتس3ی ئەم مانگە بوومەلەرزە گەورەکەی باشووری تورکیای پێش بینیکردبوو و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هۆشداری دابوو لە مەڕ مەترسییەکانی ئەو کارەساتە سروشتییە.

ڕۆژی دووشەممە 6ی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر لە باشووری تورکیا و سوریای دراوسێی ئەو وڵاتە ڕوویدا و بەم هۆشەوە تاکو ئیستا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.
هۆگەربیتس لە بواری جیۆلۆجی بە شێوەی ئەکادیمیک کار ناکات، بەڵام ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە ماڵپەڕێکدا بە ناوی 'لێکۆڵینەوە لە ئەندازەیی کۆمەڵەی خۆر' (SSGEOS) بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ماڵپەڕەکە ئامانجی ناوبراو لێکۆڵینەوەیە لەسەر پەیوەندی ئەندازەیی نێوان تەنە ئاسمانییەکان و بوومەلەرزە و دەستەی ماڵپەڕەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەڵگەیان هەیە سەبارەت بەوەی کە دۆخێکی ئەندازەیی تایبەت لە کۆمەڵەی خۆردا دەتوانێت ببێتە هۆی بوومەلەرزەی گەورە لەسەر زەوی.

هۆگەربیتس لە تویتەکەیدا نووسیبوی "درەنگ یان زوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی نزیکەی 7.5 پلە لە ناوچەکانی باشووری ناوەڕاستی تورکیا، ئوردن، سوریا، لوبنان ڕوودەدات.


تەنها چەند کاتژمێردا دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا، تویتیەکەی هۆگەربیتس ملیۆنان جار بینرا و جەنجاڵێکی زۆری لە نێوان بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا لێکەوتەوو، بەڵام کۆمەڵگەی زانستی و توێژەرانی ئەکادیمی بنەمای زانستی و میتۆدۆلۆژیای پێشبینییەکەی هۆگەربیتسیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە و ڕەتیدەکەنەوە.
ڕاجێر مەیسۆن پسپۆڕی بواری جیۆلۆجی و بەرپرسی مەترسییەکانی بومەلەرزە لە دامەزراوەی جیۆلۆجی بەریتانیا لەبارەی تویتیەکەی هۆگەربیتسەوە بە نیوزویکی ڕاگەیاندوە کە "لە پێشبینییەکاندا پێویستە کات و شوێن و هێزی بوومەلەرزەکان دەستنیشان بکرێن، درەنگ یان زوو دەستنیشان کردن نییە و هەر بۆیەش ئەو پێشبینی بوومەلەرزەکەی نەکردووە."
هەروەها دەیڤید ڕۆتەری مامۆستای زانستی جیۆلۆجی هەسارەکان لەو بارەوە دەڵێت "هێزی هەڵکشان و داکشان لەسەر زەوی، کە لە ئەنجامی گۆڕانی ئەندازەیی هەسارەکانی دیکەدا دروست دەبن، زۆر کەمن." ئەو دەشڵێت "هێزی هەڵکشان و داکشانی مانگ لەسەر زەوی زۆر گەورەترن و ئەگەری ئەوە زیاترە کە ببنە هۆکاری دەستبەجێی بومەلەرزە، بەڵام تەنها ئەو کاتە دەردەکەوێت کە بوومەلەرزەکە خەریکە ڕووبدات و پێشتر ناتوانیت پیشبینی بکەیت و لە ڕاستیدا بوومەلەرزە بە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر توێکڵ و چینەکان زەوی لە درێژخایەندا ڕوودەدات."

ڕۆتەری دەڵێت "من دەتوانم بڵێم کە 'درەنگ یان زوو' بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 لە سەر نیوە کەلێنی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ڕوودەدات و قسەکەم ڕاست دەبێت، بەڵام وەک پێشبینییەک هیچ بەهایەکی نابێت."
جێی ئاماژەیە کە دەوترێت پێشتریش هۆگەربیتس پێشبینی بوومەلەرزەیەکی گەورەی لە ساڵی 2018دا بە گوڕی 8 پلە بۆ ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوو کردبوو، بەڵام هیچ بوومەلەرزەیەک بەو قەبارەیە لە هیچ شوێنێکی زەوی ڕووی نەدابوو.

لەڕووی زانستییەوە تاکو ئێستا هیچ شێوازێکی سەلمێنراو و متمانەپێکراو بۆ پێشبینیکردنی ئەو جۆرە کارەساتە سروشتیانە لە ڕێگەی چاودێری هەسارەکانەوە یان بە شێوەیەکی تر نەهاتوونەتە لەئاراوە.
لەڕاستیدا بەشێوەیەکی گشتی زاناکان تەنها دەتوانن پێشبینی ئەوە بکەن کە بوومەلەرزە لە کوێدا ڕوودەدات، بەڵام کەی ڕوودەدات تاکو ئیستا کەس نایزابێت.
هوگەربیتس پێی وایە جوڵەی هەسارەکان لە کۆمەڵەی خۆر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشبینیکردنی بوومەلەرزە، بەڵام ئاژانسی جیۆلۆجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت کەس ناتوانێت پێشبینی بوومەلەرزە بکات.
ئەو ئاژانسە دەڵێت "نازانین بوومەلەرزە چ کاتێک ڕوو دەدات و چاوەڕوانیش ناکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە بزانین و تەنها دەتوانین ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی بەرچاو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا لە ماوەی چەند ساڵێکدا پێشبینی بکەین."

ئاژانسی جیۆلۆجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لە خەڵک دەکات سێ توخم لە پێشبینییەکی ڕاستەقینەی بوومەلەرزدا لەبەرچاو بگرن، بەروار و کات، شوێن و گەورەیی بوومەلەرزەکە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هۆشدارییەکەی هۆگەربیتس سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی تورکیا تەنها نووسیبووی دڕەنگ یان زوو، بە بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکات.

وێندی بۆهۆن، جیۆلۆجیستێکی بوومەلەرزە کە وەک ستراتیژیستێکی پەیوەندییەکان لە سەنتەری فڕینی واڵایی گۆدارد لە ناسا لە ویلایەتی میریلاند کاردەکات، دەڵێت "ئەگەر بتوانین بە تەواوی بە خەڵک بڵێین کەی بوومەلەرزەیەک ڕوودەدات، دەتوانین هەنگاو بنێین بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی، بەڵام زەوی سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزی هەیە و ئەم کارەی ئەستەم کردوە."
ئەو دەشڵێت "بەشێک لە کێشەکان دەگەرێتەوە بۆ خودی سروشتی بوومەلەرزەکان کە وایان لێدەکات ببنە ڕووداوێکی پێشبینینەکراو، واتە کاتێک ڕوودەدات، زۆر بە خێرایی ڕوودەدات."

بن ڤان دێر پلویم مامۆستای جیۆلۆجی لە زانکۆی میشیگان دەڵێت "بومەلەرزە وەک شەمەندەفەرێکی خاو نییە کە لە کۆتاییەکەیدا خێرایی خۆی بەرزبکاتەوە، بەڵکو ڕووداوێکی لەناکاو و خێرایە."
بوومەلەرزەکان بە بێ ئاگادارکردنەوە و لەپڕدا ڕوودەدەن، هەرچەندە زانایان لێکۆڵینەوەیان لە هەندێ ڕووداوی پێش بوومەلەرزەکان کردوە، وەک گۆڕانی دەنگەکانی ژێرزەوی و لێکۆڵینەوە لەسەر گۆڕانکاری لە ڕەفتاری ئاژەڵاندا، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بە وردی دەستنیشان بکەن کە چ کاتێک بوومەلەرزەیەک ڕوودەدات.

XS
SM
MD
LG