Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاکامی بومەلەرزەکان لە تورکیا و سوریا گەیشتە نزیکەی 15900 کەس

٠٧:٠٩ ٩.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیان لەدەستدانەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا دەگاتە زیاتر لە 12 هەزارو 200 کەس

دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا AFAD ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانیە بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 12 هەزار و 391 کەس.

دەزگاکە دەڵێت ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 62 هەزار و914 کەس. 6 هەزار و 444 باڵەخانە لە تورکیا ڕووخاون.

لە سوریاش بە پێی دواین ئاماری کە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە ژمارەی گیان لەدەستدانی خەڵکی لە ئاکامی بوومەلەرزە وێرانکارەکە گەیشتووەتە 3508 .

بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکە لە هەردوو تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 15 هەزار و 899 کەس.

٠٦:٤٩ ٩.٢.٢٠٢٣

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ زیانەکانی بوومەلەرزەکەدا دووپاتدەکاتەوە.

جەیک سولیڤان لە تویتێکدا دەڵێت "لە دوای بوومەلەرزە دڵتەزێنەکانی تورکیا، سەردانی باڵیۆزخانەی تورکیام کرد و بەناوی حکومەتی ئەمەریکاوە کتێبی سەرەخۆشیم واژۆ کرد. ئەمەریکا پڕبەدڵ پرسە و سەرەخۆشی و پشتگیرییەکی چەسپاو پێشکەش دەکات . ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانی ناتۆمان لە کاتێکدا دێتەوە سەرخۆی."

٠٤:٤٤ ٩.٢.٢٠٢٣

سێ هاووڵاتی ئەمەریکایی لە بوومەلەرزەکەی تورکیا گیانیان لەدەستداوە

کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بەلایەنی کەم 3 ئەمەریکایی لە بوومەلەرزەکەی کە تورکیا و سوریای هەژاند، گیانیان لەدەستداوە.

گوتەبێژەکە ڕایگەیاندووە " دڵگرانی خۆمان بۆ قوربانیان و کەسوکاری هەموو ئەوانەی کە زیانیان لێکەوتووە دەردەبڕین." گوتیشی " بەهۆی تایبەتمەندییەکانەوە لەم کاتەدا هیچ زانیارییەکی زیاترمان نییە."

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە تورکیا و سوریا ڕوویدا هەزاران کەس بوون بە قوربانی.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزە بەهێزەکدا گیانیان لەدەستداوە (لە تورکیا) گەیشتووەتە 9057 کەس و گوتیشی زیاتر لە 53 هەزار کەسیش بریندار بوون.

لە سوریاش بە پێی دواین ئاماری کە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە ژمارەی گیان لەدەستدانی خەڵکی لە ئاکامی بوومەلەرزە وێرانکارەکە گەیشتووەتە 3508 لە ناویاندا، 1570 کەسیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا. ڕوانگەکە دەڵێت زۆبەی قوربانییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە هەردوو پارێزگای لازقیە و حەلەبدان.

بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە دەگاتە 12 هەزار و 565 کەس.

٢٣:٠٤ ٨.٢.٢٠٢٣

هەوڵەکانی ڕزگارکردنی خەڵکی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بەردەوامە پاش ئەوەی بەهۆی بوومەرزە بەهێزەکەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.8 لەسەر پێوانەی ڕێختەر زیانێکی زۆر بە تورکیا و سوریا گەیشت.

دانیشتوان لە شاری سەمسوری تورکیا بە دیار باڵەخانە ڕووخاوەکانەوە دانیشتوون و چاوەڕێی ڕزگارکردن و دەرهێنانی کەسوکاریان دەکەن لە کاتێکدا لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ساتێک شیانی ڕزگارکردنی خەڵکی کەمتردەبێتەوە. پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا خەجیجان فەرقین لە سەمسورەوە دیمەنە ناخهەژێنەکانی ئەو ناوچەیە دەگوازێتەوە.

سەدات کلیچ لە سەمسور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ناو باڵەخانە ڕووخاوەکادا هەوڵی ڕزگارکردنی خەڵکی دەدات دەڵێت براکەی و برازاکەی لەوێ بوون براکەی دەرچووە بەڵام کچی براکەی کە تەمەنی 13 ساڵە لە ژیر داروپەردووکەدا ماوەتەوە.

زیاتر نیشـان بده‌

XS
SM
MD
LG