Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیاوە بۆ ناو سوریا دەستپێبکاتەوە


بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ ملیۆنان کەس لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنە درێژخایەنەکە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ناوچەکە ڕاگیرابوو.


ماوەی چەند ساڵێکە نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتن بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا لە ڕێگەی یەک دەروازەی سنوورییەوە لە تورکیاوە بە "هێڵێکی ڕزگارکردنی ژیان" بۆ نزیکەی 4 ملیۆن کەس ناودێر دەکات کە دەڵێت پشت بەو هاوکارییە مرۆییانە دەبەستن.
موهەند هادی، ڕێکخەری مرۆیی ناوچەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "هیوادارین سبەی بتوانین شتێک بگەیەنین بەو دیوی سنور."


بە پێی ڕاپۆرتەکان هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریاوە زیاتر لە 12 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هادی و بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت لە سوریا، مستەفا بنلاملیح، ڕایانگەیاند، ئامادەکارییەکان لە ئارادان بۆ ئەوەی کاروانەکانی یارمەتییەکان بەرەکانی ناو سوریای بە شەڕ وێرانبوو ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە باکووری ڕۆژئاوا کە تاکە ڕێگایە کە حکومەتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەڵێت پێویستە بۆ گەیاندنی هاوکاری بەکاربهێنرێت.


هادی گوتی "بیرۆکەکە ئەوەیە کە بە خێراترین و هەرزانترین و باشترین ڕێگا بگەینە خەڵک." گوتیشی " ئێمە هیوادارین هەمووان بەرژەوەندی خەڵک بخەنە پێشەوە، ئێمە لە مکاتەدا بیر لە سیاسەت ناکەینەوە."
یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیاوە لە ساڵی ڕابردوودا مانگانە خزمەتیان بە 2.7 ملیۆن کەس کردووە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لە کاتێکدا لە مانگی هشتی 2021ەوە مانگانە 43 هەزار و 500 کەس لە ڕێگاکانی ناو سوریاوە هاوکارییان پێگەیشتووە.


نەتەوە یەکگرتووەکان توانای ئەوەی هەیە لە تورکیاوە هاوکارییەکان بگەیەنێتە ناو سوریا، چونکە ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەیە، بەڵام حکومەتی سوریا ئەو ئۆپەراسیۆنە بە پێشێلکردنی سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکەکەی دەبینێت.
بەسام سەباغ باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بەبێ کۆنترۆڵی حکومەت، بەبێ مۆڵەتی حکومەت، بەبێ ڕەزامەندی حکومەت - ئەمە پێشێلکارییە." گوتیشی " هێڵی تێپەڕبوون بەردەستە."


هادی و بنلاملیح هەردووکیان داوایان لە هەموو لایەنەکانی ململانێی سوریا کرد کە خەڵک بخەنە پێشەوە و ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە هێڵی پەڕینەوە بکەن. بنلاملیح ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت یارمەتیدەر بووە.


ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 لە چوار خاڵی پەڕینەوە لە تورکیا و عێراق و ئوردن ڕێگەی بە ئۆپەراسیۆنی یارمەتیدان بۆ ناو سوریا دا. هەتا ساڵی 2020 ئەو دەستڕاگەیشتنە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ڕووسیا و چینەوە کە هەردووکیان پشتیوانی ئەسەدن لە شەڕی ناوخۆی سوریادا بۆ تەنها یەک ڕێگا کەم کرایەوە کە ئێستا.
نەیارانی ئەسەد ترسیان لەوە هەیە کە خۆراک و هاوکارییەکانی دیکە کە لە ناوخۆی سوریاوە دەگەیەنرێن، بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG