Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژی دووشەممە لە باشوری تورکیا و لە باکوری سوریای دابوو

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەهێزترین بوومەلەرزە لە ماوەی نزیکەی یەک سەدە لە تورکیا ڕوویدا کە هێزەکەی 7.8 بوو بە پێوانەی ڕێختەر. تیمەکانی گەڕان و بەهاناچوون خەریکی وەدەرهێنانی قوربانییەکانن لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا، کە هەتا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

٢٢:٢١ ٦.٢.٢٠٢٣

بەپێی دواین ئامارە فەرمییەکان هەتا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریادا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەس.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت ژمارەی ئەوکەسانەی لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە 1600 کەس و لە سوریاش زیاتر لە یەک هەزار کەس.

٢٣:٥١ ٦.٢.٢٠٢٣

بوومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا کە دەیان بومەلەرزەی تری لە ناوچەکدا بەدوای خۆیدا هێنا زیاتر لە سێ هەزار و 400 کەسی لە تورکیا و سوریا کوشتووە، ئەمەش لە کاتێکدا لە بەشێکی زۆری ناوچەکاندا بەفرێکی زۆر باریوە و خەڵکی لە کەشێکی وا سارددا بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە.

حکومەتی تورکیا دەڵێت زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەس بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی گوڕەکەی 7.8 بوو لە تورکیا کوژراون.

لە سوریاش حکومەت لە ڕایگەیاندووە 656 کەس گیانیان لەدەستداوە لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانیس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگەیاندووە 450 کەس کوژراون.

بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە دەگاتە زیاتر لە 3 هەزار و 400 کەس.

ژنێک لە شاری ئامەد لە بەردەم داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکەیدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت " وەکو لانکە دەهەژاینەوە. نۆ کەس لە ماڵەوە بووین. دوو کوڕم هێشتا لەژێر داروپەردودان، من چاوەڕێیان دەکەم."

چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە کە باڵەخانەکان ڕووخاون و خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە. لەم گرتە ڤیدۆییەدا ساتی ڕووخانی باڵەخانەیەک لە شارۆچکەی جەرابلوس لە پارێزگای حەلەب نیشان دەدرێت.

کاربەدەستان ڕادەگەیەنن خراپی هێڵی ئەنتەرنێت و دۆخی ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی کە زۆر بە خراپی بومەلەرزەکە کاریتێکردوون هەولەکانی هاوکاریکردنی لێقەوماوانی سەختکردووە.

٠٠:٢٦ ٧.٢.٢٠٢٣

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت دوای بوومەلەرزەکە بەم نزیکانە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەمەریکا کۆببنەوە.

کارین ژان پیێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە هاوکارییەکانی ئەمەریکا کرد و گوتی " سەرۆک سەرۆک ڕێگەی داوە بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێی ئەمەریکا جگە لەو کارمەندانەی ئەمەریکا کە ئێستا لەوێن."

ئەو گوتیشی " ئێمە لە پرۆسەی جێگیرکردنی تیمی زیاترداین بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕان و ڕزگارکردن و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بریندار و ئاوارەبوون."

پێشتریش وەزیری درەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند " هاوکاری سەرەتاییمان بۆ تورکیای هاوپەیمانمان بەڕێگاوەیە، و ئێمە ئامادەین بۆ دابینکردنی هاوکاری ڕاستەوخۆ بۆ خەڵکی سوریا."

٠١:٤٥ ٧.٢.٢٠٢٣

بە پێی نوێترین زانیاری ژمارەی قوربانیان بەهۆی بوومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 3 هەزار و 800 کەس.

کاربەدەستان لە تورکیا دەڵێن بەلایەنی کەم 2 هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە لە کاتێکدا لە سوریاش بەلارینی کەم هەزار و 444 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش لە کاتێکدایە تیمەکانی بەهاناچوون بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانیان لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا.

زیاتر نیشـان بده‌

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG