Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژی دووشەممە لە باشوری تورکیا و لە باکوری سوریای دابوو

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەهێزترین بوومەلەرزە لە ماوەی نزیکەی یەک سەدە لە تورکیا ڕوویدا کە هێزەکەی 7.8 بوو بە پێوانەی ڕێختەر. تیمەکانی گەڕان و بەهاناچوون خەریکی وەدەرهێنانی قوربانییەکانن لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا، کە هەتا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

١٠:٠٧ ٧.٢.٢٠٢٣

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە لە سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 1580 کەس.

١٠:٠٦ ٧.٢.٢٠٢٣

ئۆرهان تەتەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبۆتەوە بۆ 3381 کەس.

تەتەر هەروەها ڕایگەیاند تا ئێستا 20 هەزار و 426 بریندار لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری و نەخۆشخانەکان تۆمارکراون. ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند، ڕووبەری کاریگەریی بوومەلەرزەکە 110 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و بە هۆیەوە 5 هەزارو 775 باڵەخانە و خانوو ڕووخاون.

٠٩:٥٧ ٧.٢.٢٠٢٣

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور دەڵێت ئەندامێکی ڕێکخراوەکە و ئەندامانی تری خێزانی ژمارەیەک لە کارمەندەکانیشی بە مردوویی دەرهێنراونەتەوە لە نێو داروپەردووی ماڵەکانیاندا لە هەرێمی ئیدلب لە سوریا.

سابیستان جەی، سەرۆکی بەشی سوریا لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور دەڵێت "ئێجگار خەمبارین بەو کارەساتە مرۆییەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەوە هاتۆتە ئاراوە هەروەهاش بەهۆی گیان لەدەستدانی هاوکارەکانمان و کەسوکاریشیان."
سەرۆکی بەشی سوریا لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنور دەشڵێت "نەخۆشخانەکان لە باکوری سوریا ئەرکێکی زۆر گەورەیان کەوتۆتە سەر بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارەکانەوە و کارمەندەکانیش شەو و ڕۆژ لە کاردان تا فریای بە هاناوەچوونی بریندارەکان بکەون."

جەی ئاماژەش بەوە دەکات پێداویستی و یارمەتی و کۆمەکەکان زۆر زۆر پێویستن و دەشڵێت "بەرەنجامە نەخوازراوەکانی ئەم کارەساتە پێویستیان بە هەوڵ و کۆششێکی چڕی نێونەتەوەیی هەیە."

هاوکات تیمە فریاگوزارییەکان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا داوای یارمەتی بە پەلە دەکەن بۆ دەرهێنانەوەی سەدان کەس کە هێشتا لەناو داروپەردووی باڵەخانە و ماڵە داڕماوەکاندا ماونەتەوە.

٠٩:١٥ ٧.٢.٢٠٢٣

بەلانیکەم 20 دەستگیرکراو کە زۆربەیان سەر بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعشن لە گرتوخانە ڕایانکردووە، دوابەدوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریای دابوو.

لەو گرتوخانەیەی پۆلیسی سەربازیی سەرپەرشتی دەکات لە شارۆچکەی ڕاجو، نزیک لە سنوری تورکیا، وەک سەرچاوەیەکی گرتوخانەکە بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "نزیکەی دوو هەزار دەستگیرکراوی تیادایە و بەلانیکەم 1300 کەسیان گومانبارن بەوەی سەر بە تێرۆریستانی داعشن."

لەو گرتوخانەیەدا، شەڕڤانانی سەر بەو هێزانەیشی تیادایە کە کورد سەرکردایەتییان دەکات.

سەرچاوەکەی ئەو گرتوخانەیەی شارۆچکەی ڕاجو کە لایەنەکانی سەر بە تورکیا باڵادەستن لەوێ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "گیراوەکان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە یاخیبوونیان دەستپێکرد و توانییان کۆنترۆڵی هەندێک لە بەشەکانی گرتوخانەکە بکەن."

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت بەپێی زانیارییە بەراییەکانی گرتوخانەکە نزیکەی 20 کەس لە گیراوەکان ڕایانکردووە و بڕواش وەهایە سەر بە داعش بن.

دوابەدوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی لە باکوری سوریای دابوو، هەروەهاش پاش دەیان وردە بوولەرەی تر، وەک ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "دیوارەکانی گرتوخانەکە و دەرگاکانیشی درزی گەورەیان تێکەوتووە."
ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت نەیتوانیوە ڕاکردنی ئەو گیراوانە پشتڕاست بکاتەوە بەڵام زانیاری هەیە لەسەر یاخیبوونی ناو گرتوخانەکە.

زیاتر نیشـان بده‌

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG