Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژی دووشەممە لە باشوری تورکیا و لە باکوری سوریای دابوو

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەهێزترین بوومەلەرزە لە ماوەی نزیکەی یەک سەدە لە تورکیا ڕوویدا کە هێزەکەی 7.8 بوو بە پێوانەی ڕێختەر. تیمەکانی گەڕان و بەهاناچوون خەریکی وەدەرهێنانی قوربانییەکانن لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا، کە هەتا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

٠٢:٠٤ ٧.٢.٢٠٢٣

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی دووشەممە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا سازداوە. لەو پەیوەندییەدا وێڕای هاوخەمی دەربڕین بەهۆی بوومەلەرزەکانی کە هەزاران کەسی تیادا بوون بە قوربانی جەختیشی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ هاوکاریکردنی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ.

ئەنتۆنی بلینکن لە تویتێکدا ڕایگەیاند " پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغڵو ئەنجام دا سەبارەت بە بومەلەرزە وێرانکەرەکان. ئێمە لەگەڵ توکیادا هاوئاهەنگی دەکەین بۆ ئەوەی لەدەستماندایە ئەنجامی بدەین لە تورکیا و سوریا."

٠٢:٥٧ ٧.٢.٢٠٢٣

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە ئەنجامدا، کە ئامادەیی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست بۆ تورکیا. سەرۆک بایدن بە ناوی گەلی ئەمەریکاوە سەرەخۆشی لەو کەسانە کرد کە لە بوومەلەرزەکاندا بریندار بوون یان ئازیزانیان لەدەستداوە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی: سەرۆک بایدن ئامادەیی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکاری و هەموو هاوکارییەکی پێویست بۆ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان لە بەرامبەر ئەم کارەساتەدا.سەرۆک بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئەمەریکا بە خێرایی جێگیر دەبن بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی تورکیا و هەماهەنگیکردنی هاوکارییەکانی دیکە کە ڕەنگە پێویستیان بەو کەسانە هەبێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەوانەش خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان یان کەلوپەلی سەرەتایی فریاگوزاری.

.

٠٣:٢٩ ٧.٢.٢٠٢٣

حکومەت سوریا ڕایگەیاند، بەهۆی بوولەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە هەزار و 444 کەس لە سەرانسەری سوریا گیانیان لەدەستدا، هاوکات لانیکەم سێ هەزار و 411 کەس برینداربوون.

ئەم ژمارە نوێیە کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە هەردوو وڵات بۆ لانیکەم سێ هەزار و 823 کەس بەرزکردەوە، دوای ئەوەی تورکیا پێشتر پێداچوونەوەی بە ژمارەی مردووەکانیدا کرد، و گەیشتە 2 هەزار و 379 کەس.

ئەنقەرە درەنگانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی 14 هەزار و 500 کەس برینداربوون و 4900 باڵەخانە تەخت بوون، هاوکات حەوت ڕۆژ ماتەمینی بۆ مردووەکان ڕاگەیاند.

پەیمانگای جیۆلۆجی دانیمارک ڕایگەیاندووە، دوای نزیکەی هەشت خولەک لە بوومەلەرزە سەرەکییەکە کە تورکیای گرتەوە، بومەلەرزەکان گەیشتووەتە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی گرینلاند.

تورکیا لە یەکێک لە چالاکترین ناوچەکانی بومەلەرزە لە جیهاندایە. دوایین بوومەلەرزەی ئەم وڵاتە بە گوڕی 7.8 پلە لە ساڵی 1939 دا بوو، لەو کاتەدا 33 هەزار کەس لە پارێزگای ئەرزینجانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

ناوچەی دوزجەی تورکیا لە ساڵی 1999 دا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە ڕوویدا و زیاتر لە 17 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

٠٤:١٥ ٧.٢.٢٠٢٣

تورکیا دەچێتە دووەم ڕۆژی ئەو کارەساتەی کە بوومەلەرزە وێرانکەرەکە بە دوای خۆیدا بەجێی هێشتووە، بە ژمارەیەکی زۆر قوربانی و داڕمانی بیناکان و هەزاران خێزانی خەمبار، لە کاتێکدا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە زیاتر لە 10 ناوچەی زیانلێکەوتوو بەردەوامن لە کارەکانیان، شارەزایان هوشیاری دەدەن سەبارەت بە مەترسییەک کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، ئەویش دابەزینی پلەی گەرمی جەستەیە کە مەترسی گیانلەدەستدانیان زیاتر دەکات.

ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی 7.8 پلە کە ناوەڕاست و باشووری تورکیا و سوریای گرتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ زریانێکی بەفر کە چەند ناوچەیەکی تورکیای گرتەوە، ئەمەش سەختی کارەساتەکە دوو هێندە دەکات.

لە کاتێکدا زۆرێک لە خێزانەکان لە ترسی بوومەلەرزەی تر و کاریگەرییەکانی ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، شەوی یەکەم لە شەقامەکاندا بەسەر بەرن، ڕووبەڕووی سەرما و بەستەڵەک و پلەی گەرمی نزیک لە سفر بوونەتەوە، هەمان شت ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا گیریان خواردووە، و هیچ پێداویستییە سەرەتاییەکانی مانەوەیان بەردەست نییە.

ئۆرهان تاتار، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی کارەساتەکانی تورکیا ڕایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە چوار هەزار و 470 سەربازەوە لە هەوڵەکانی فریاکەوتن و بەهاناچوون بەشدارن، فڕۆکەکانی سوپای تورکیاش زیاتر لە 100 جار بەرزبوونەتەوە بۆ گواستنەوەی کارمەند و پێداویستی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان".

زیاتر نیشـان بده‌

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG