Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژی دووشەممە لە باشوری تورکیا و لە باکوری سوریای دابوو

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەهێزترین بوومەلەرزە لە ماوەی نزیکەی یەک سەدە لە تورکیا ڕوویدا کە هێزەکەی 7.8 بوو بە پێوانەی ڕێختەر. تیمەکانی گەڕان و بەهاناچوون خەریکی وەدەرهێنانی قوربانییەکانن لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا، کە هەتا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

٠٨:٤٩ ٧.٢.٢٠٢٣

هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە ڕووبەڕووی زیانێکی گەورەی گیانی ماڵی بوونەوە و وەک ئامارەکان ئاماژەی پێدەکەن بوومەلەرزەکە کە بەپێی پێوانەی ڕێختەر هێزەکەی 7.8 بوو، هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی تریش بریندارن، ئەمە بێ لەوەی بووە هۆکاری ئاوارەبوونی هەزاران کەسی تر.

بەڵام ئەو بوومەلەرزەیەی لە باشوری تورکیا و باکوری سوریای دابوو بە بەهێزترین بوومەلەرزە دانانرێت کە لە 23 ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئەم گۆی زەویە ڕوویانداوە.

ئەمانەی خوارەوە بریتین لە 14 کوشندەترین بوومەلەرزە کە دوای ساڵی 2000 لە جیهان ڕوویانداوە:

22ی شەشی 2021: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 بە پێوانەی ڕێختەرلە ئەفغانستان ڕوویدا کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 1100 کەس.

14ی هەشتی 2021: لە هایتی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 بەپێوانەی ڕێختەر، بووە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 2200 کەس.

28ی نۆێ 2018: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 بە پێوانەی ڕێختەر لە ئیندۆنیسیا ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 4300 کەس گیانیان لەدەستدا.

25ی چواری 2015: لە نیپاڵ زیاتر لە 8800 کەس بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە گیانیان لەدەستدا کە هێزەکەی 7.8 بوو بە پێوانەی ڕێختەر.

11ی سێی 2011: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.0 بە پیوانەی ڕێختەر لە کەناراوەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن، بووە هۆی دروسبوونی سونامی و لە ئاکامدا زیاتر لە 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

12ی یەکی 2010: لە هایتی، بەپێی مەزەندەکردنەکانی حکومەت، نزیکی 316 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا بەهۆی بوومەلەرزەیەک کە هێزەکەی 7.0 بوو بە پێوانەی ڕێختەر.

12ی پێنجی 2008: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.9 بە پێوانەی ڕێختەر لە ڕۆژهەڵاتی سیچوان لە چین ڕوویدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە 87 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا.

26ی پێنجی 2006: لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە لە دوڕگەی جاوا لە ئیندۆنیسیا زیاتر لە 5 هەزار و 700 کەس گیانیان لەدەستدا.

8ی دەی 2005: لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 بە پێوانەی ڕێختەر لە ناوچەی کەشمیری پاکستان زیاتر لە 80 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

28ی سێی 2005: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.6 بە پێوانەی ڕێختەر لە باکوری سوماترا لە ئیندۆنیسیا نزیکەی 1300 کەسی کوشت.

26ی دوازدەی 2004: بوومەلەرزەیەک لە ئەندەنوسیا بە گوڕی 9.1 بە پێوانەی ڕێختەر بووە هۆی سەرهەڵدانی سونامی لە زەریای هیندی و بەهۆیەوە لە چەند وڵاتێکدا 230 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

26ی دوازدەی 2003: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.6 بە پێوانەی ڕێختەر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕوویدا و لە ئەنجامدا 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

21ی پێنجی 2003: لە جەزائیر بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 بە پێوانەی ڕێختەر زیاتر لە 2200 کەسی کوشت.

26ی یەکی 2001: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 بە پێوانەی ڕێختەر لە ناوچەی گوجارات لە هیندستان ڕوویدا و بە هۆیەوە 20 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە: ڕووپێوی ژیۆلۆژی ئەمەریکا، ئەسیۆسیەیتد پرێس

٠٧:٣٨ ٧.٢.٢٠٢٣

هەروادێ و ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا زیاتر دەبێت و بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 2921 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتۆتە 15834 کەس. بەر لە چەند کاتژمێرێکیش جێگری سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدان لە ئاکامی بوومەلەرزەکەی زوویەکی ڕۆژی دووشەمە لە وڵاتەکەی داوە، 2379 کەس مردوون و هەروەهاش 14483 کەسیش بریندارن

٠٦:٤٣ ٧.٢.٢٠٢٣

لە سوریا وەک ڕوانگەی سوریایی ئاماژەی پێدەکات ژمارەی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکە هەروادێ و زیاتر دەبێت و دەشڵێت هێشتاش سەدان خێزان لەناو داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکاندا ماونەتەوە.

پێشتر ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتبووە زیاتر لە 1440 کەس.

هاوکات کاربەدەستێکی نێونەتەوەیی دەڵێت، خراپبوونی ڕێگەوبانەکان و بارینی بەفر و کەمیی سوتەمەنی بوونەتە تەگەرەیەکی گەورە لەبەردەم گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

ئەلموستەفا بنلملیح، لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت "هەموو ئەو ڕێگەوبانانەی یارمەتی و کۆمەکیان لێوە گەیاندۆتە سوریاییەکان زیانیان پێکەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە و لە ئێستادا پێویستە و دەشبێت کاربکەین لەسەر چۆنییەتی گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ خەڵک."

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە شیانی زیاتربوونی ژمارەی قوربانییەکان بۆ هەشت هێندی ئەوەی تا ئێستا لە سوریا و هەروەهاش لە تورکیا تۆمارکراون.
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە نیویۆرک دەڵێت پێویستە هەموو لایەنەکانی ناو قەیرانی سوریا ڕێگەبدەن بە گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکەکان تا بگاتە دەست هەموو ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

٠٦:٣٦ ٧.٢.٢٠٢٣

بوومەلەرزەیەکی نوێ بە هێزی 5.6 بە پێوانەی ڕێختەر لە ناوەڕاستی تورکیا دەدات هاوکاتی هەروادێ و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان.

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتۆتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی زوویەکی ڕۆژی دووشەمە لە باشوری تورکیا و هەروەهاش لە باکوری سوریای داوە. ژمارەی بریندارەکانیش هاوکاتی هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی قوربانییەکان هەروادێ و زیاتر دەبێت و ژمارەکەش بە هەزاران کەس مەزەندە دەکرێت.

هێزی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە 7.8 بووە بە پێوانەی ڕێختەر.

زیاتر نیشـان بده‌

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG