Accessibility links

وڵاتانی جیهان دەستدەکەن بە هاوکارییەکان بۆ تورکیا و سوریا


وڵاتانی جیهان دەستیان کردووە بە ناردنی هاوکارییەکانیان بۆ تورکیا و سوریا لە کاتێکدا هەوڵەکان بەدەردەوامە بۆ دەرکردنی خەڵکی لە ژێر دەیان باڵەخانەی ڕووخاو لە پاش بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە بەشێکی زۆری تورکیا و سوریای هەژاند.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 45 وڵاتی جیهان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن لە هەوڵەکانی ڕزگارکردندا.

ئەمەریکا

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لەسەر تویتەرەکەی هاوخەمی خۆی بۆ لێقەوماوانی ئاکامی بومەلەرزەکە دەربڕی، نووسیویەتی" زۆر دڵگرانم بەهۆی ئەو زیانە گیانی و ماددیانەی لە ئاکامی بومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا ڕوویان‌داوە. داوام لە تیمەکەم کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا چاودێری دۆخەکە بکەن و هەر یارمەتییەک پێویست بکات پێشکەشی بکەن."

بەریتانیا

سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕشی سوناک ڕایگەیاند " ئەم بەیانییە دڵم لای خەڵکی تورکیا و سوریایە، بە تایبەتی لەگەڵ تیمەکانی بەهاناچوون کە بە ئازایەتییەوە کاردەکەن بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیریان خواردووە."

سوناک دەشڵێت "بەریتانیا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان بەر هەر شێوەیەکی کە لە تواناماندا بێت."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەیمس کلێڤەرلی لە تویتێکدا گوتی " بەریتانیا پشتیوانی دەستبەجێ ڕەوانەی تورکیا دەکات کە بریتییە لە 76 شارەزای گەڕان و ڕزگارکردن، کەرەستەی پێویست و سەگی تایبەت بە ڕزگارکردن."

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەشڵێت گروپی كلاوە سپییەکان کە لەلایەن بەریتانیاوە هاوکاری دارایی دەکرێن "کاردانەوەیەکی بەرچاوی گەڕان و ڕزگارکردنیان" لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستپێکردووە و " هەموو سەرچاوەکانیان کۆکردووەتەوە بۆ وەڵامدانەویە پێشهاتەکان."

ئیسرائیل

ئیسرائیل دەڵێت لەلایەن سوریاوە داوای هاوکاری بۆ بوومەلەرزەکە لێکراوە و ئیسرائیلیش ئامادەیە هاوکاری بکات. ئەمەش هاوکارییەکی دەگمەنی نێوان ئەو دوو دراوسێ دوژمنە یەکترە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بنیامین نەتەنیاهۆ
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بنیامین نەتەنیاهۆ

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، فەرمانی داوە هاوکارییەکانی ئیسرائیل بنێردرێتە تورکیا کە ناوەندی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەیە و بڕیارە کە گواستنەوەی پێداویستییەکان بە فڕۆکە هەتا ئەم ئێوارەیە دەستپێبکات.

ناوبراو لە مەراسیمێکدا لە نەخۆشخانەیەکی نزیک تەلئەڤیڤ گوتی " بەو پێیەی بەهۆی زۆری قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە سوریا داوا کراوە ئەو کارە لە سوریاش بکرێت، من ڕێنماییم کرد کە ئەم کارە بە هەمان شێوە ئەنجام بدرێت." دواتر لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ پارتەکەی، نەتانیاهۆ وتی داواکاریی فریاگوزاری مرۆیی بۆ سوریا "لەلایەن بەرپرسێکی دیپلۆماسییەوە" کراوە کە ناوی ئاشکرا نەکرد. ئەو گوتی "من ئەمەم پەسەند کردووە و پێم وابێت دەستبەجێ ئەنجام دەدرێت."

ئەڵمانیا

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی فێزەر دەڵێت ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری تەکنیکی ناسراو بە THW " دەتوانێت کەمپ دابنێت بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و هەروەها یەکەکانی پاککردنەوەی ئاو". گوتیشی ئاژانسەکە هەروەها جەنەرێتەری کارەبا، چادر و بەتانیش ئامادە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرلین هاوکارییەکانی بۆ ڕێکخراوە خێرخوازیەکانی وەک ماڵتیزەر ئینتەرناشناڵ کە هاوکاری مرۆیی لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا پێشکەش دەکەن بە بڕی 1.1 ملیۆن دۆلار زیاد دەکات.

یۆنان

سەرۆک وەزیرانی یۆنان کریاکۆس میتسۆتاکیس هاوخەمی خۆی بۆ کارەساتەکە دەربڕی و ڕایگەیاند وڵاتەکەی سەرچاوەکانی ڕێکدەخات بۆ هاوکاری کردنی دەستبەجێ.

سەرباری دەیان ساڵی ناکۆکی لە نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر بابەتەکانی پەنابەرانەوە بگرە هەتا دەگاتە دەرهێنانی هادرۆکاربۆن، بەڵام مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە هاوکاریکردنی یەکتر لە کاتی بومەلەرزەدا.

ناتۆ

سکرتێری گشتی ناتۆ، یەن ستۆڵتنبێرگ هاوخەمی خۆی بۆ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ دەربڕی و لە تویتێکدا دەڵێت " لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو و هاوپەیمانانی ناتۆدا لە پەیوەندیدام بۆ ڕێکخستنی پشتیوانییەکان."

یەکێتی ئەوروپا

کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند 10 تیمی گەڕان و پشکنینی هەشت وڵاتی یەکێتی ئەوروپا ڕێکخراون بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی بەهاناچوونی تورکیا.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و یانز لینارچیچ کۆمیساری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاند، دە تیمی گەڕان و ڕزگارکردن لە شارەکان لە وڵاتانی ئەندامەوە ڕەوانە دەکرێن بۆ پشتگیری کردن لە تیمەکانی کە لەوێ کاردەکەن.

بومەلەرزە بەهێزەکەی یەکەم لە دوری 30 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای شاری غازی عەنتاب بوو (38.024°N 37.203°E) و هێزەکەی 7.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر بوو، بە دوایدا 37 بومەلەرزەی دیکە بووە کە بەهێزەکەیان نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو لە دوری 100 کیلۆمەتر لە باکوری شاری غازی عەنتاب و هێزەکەی 7.5 پلە بوو. بومەلەرزەکانی دیکە هێزەکانیان لە نێوان 6.7 – 4.2 پلە بوو. یەک لە بومەلەرزەکان لە ناو سوریا لە نزیک شاری عەفرین ڕووی دا کە هێزەکەی 4.6 پلە بوو.

XS
SM
MD
LG