Accessibility links

دەزگای چاودێری بومەلەرزەی ئەمەریکا: لە دوای بومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا 37 بومەلەرزەی دیکە لە ناوچەکە بووە


دەزگای چاودێری بومەلەرزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە دوای بومەلەرزە زۆر بەهێزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کە لە نزیک شاری غازی عەنتابی دا، بە لایەنی کەم 37 بومەلەرزە لە ناوچەکە بووە، لەوانە 36 بومەلەرزەیان لە ناو تورکیا.

بومەلەرزە بەهێزەکەی یەکەم لە دوری 30 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای شاری غازی عەنتاب بوو (38.024°N 37.203°E) و هێزەکەی 7.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر بوو، بە دوایدا 37 بومەلەرزەی دیکە بووە کە بەهێزەکەیان نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو لە دوری 100 کیلۆمەتر لە باکوری شاری غازی عەنتاب و هێزەکەی 7.5 پلە بوو. بومەلەرزەکانی دیکە هێزەکانیان لە نێوان 6.7 – 4.2 پلە بوو. یەک لە بومەلەرزەکان لە ناو سوریا لە نزیک شاری عەفرین ڕووی دا کە هێزەکەی 4.6 پلە بوو.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لەسەر تویتەرەکەی هاوخەمی خۆی بۆ لێقەوماوانی ئاکامی بومەلەرزەکە دەربڕی، نووسیویەتی" زۆر دڵگرانم بەهۆی ئەو زیانە گیانی و ماددیانەی لە ئاکامی بومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا ڕوویان‌داوە. داوام لە تیمەکەم کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا چاودێری دۆخەکە بکەن و هەر یارمەتییەک پێویست بکات پێشکەشی بکەن."


بە پێی چاودێران لە ناو تورکیا، بومەلەرزەکان کاریگەریان هەبووە بەسەر یەک لەسەر چواری خاکی تورکیا. دەزگا فەرمییەکانی تورکیا دەڵێن هەتا پاشنیوەڕۆی دووشەممە، گیان لەدەستدانی زیاتر لە 1000 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و هەزارانی دیکە برینداربوون. پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتربێت.

ڕزگارکردنی خێزانێک لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی ڕووخاو لە ناوچەی کەهرەمان مەرعەش لە باکوری ڕۆژئاوای غازی عەنتاب:


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەویش لای خۆیەوە ئامارێکی لە بارەی زیانەکانی ناو سوریا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت زیاتر 800 کەس لە تەواوی سوریا گیانیان لەدەستداوە، 430 کەسیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بوون. بە دەیان وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی.


هاوکات هەرێمی کوردستان هەناردەی نەوتی خۆی لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە ڕاگرت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند هەناردەی نەوتەکەی ڕاگرتووە " بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو."

سەرچاوە/ دەزگای چاودێری بومەلەرزەی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز ، فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG