Accessibility links

بومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز لە نزیک شاری غازی عەنتابی تورکیا دەدات و زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە


بومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز بە گوڕی 7.8 بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە نزیک شاری غازی عەنتابی تورکیا ڕوویدا و دەیان باڵەخانەی لە چەندین شار ڕووخاندووە و تەنانەت لە سوریای دراوسێش زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە.

کاربەدەستان دەڵێن بە دەیان کەس لە تورکیا و سوریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە هەرێمی کوردستانیش هەست بە بومەلەرزەکە کراوە و لە وڵاتانی ناوچەکەش خەڵکی توشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە بە ئەندازەیەک کە لە ماڵەکانی خۆیان چوونەتە دەرێ.

بە پێی دەزگای فەڕمی سوریا چەند باڵەخانەیەک لە شاری حەلەب وێران بووە. سەرچاوەیەک لە شاری حەما بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە لەوێش چەند بینایەکی ڕووخاندووە.

بە گوێرەی دەزگای چاودێری بوومەلەرزەی ئەمەرریکا چەقی بوومەلەرزەکە بە 30 کیلۆمەتر دوور دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شاری غازی عەنتاب و قوڵایی بوومەلەرزەکە نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە ژێر زەوی بووە.

سەرچاوەکان دەڵێن بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 4:17 ی بەیانی بەکاتی خۆجێهی ڕوویداوە. دەزگای چاودێری بومەلەرزەی ئەمەریکاش دەڵێت لەوکاتەوە بەلایەنی کەم 14 بوومەلەرزەی تر ڕوویانداوە کە بەهێزترینیان گوڕەکەی 6.7 بووە. یەکێک لەو بوومەلەرزانە کە بە گوڕی 4.6 بووە و لە پارێزگای هاتای تورکیای داوە نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری عەفرینی سوریاوە دوورە.

شایەتحاڵێک لە ئامەد بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە بوومەلەرزەکە نزیکەی 1 خولەک بەردەوام بووە . سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ئامەدیش چەندین باڵەخانە ڕووخاون.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تویتێکدا دەڵێت "هیوای باشی دەخوازم بۆ هەموو هاووڵاتیانمان کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان لێکەوتووە."

هەروەها دەشڵێت " هیوادارین بە زووترین کات و بە کەمترین زیان پێکەوە ئەم کارەساتە تێپەڕێنین."

پەرلەمانتاری هەدەپە نوێنەری ئامەد ڕەمزیە تۆسون لە تویتێکدا گرتەیەکی ڤیدۆیی بومەلەرزەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " لە زۆرێک لە شارەکان بوومەلەزە ڕوویداوە. ئێمە زۆر دڵتەنگین. هیوادارین هەواڵی ناخۆشتر نەبێت."

لە تویتێکی تریشدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات بچنە شوێنێکی سەلامەت بەهۆی ئەگەری دووبارە بوونەوەی بوومەلەرزە.

بەشاک دەمیرتاش هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانی تورکیادایە لە تویتێکدا باس لە بوومەلەرزەکە دەکات و دەڵێت " هیوای ڕەحمەتی خوای گەورە بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم. خوای گەورە یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە لەم بەفر و زستانەدا ماڵیان وێران بوو."

دەشڵێت "پێویستە دەست بە هاودەنگی بکەین بەبێ ئەوەی هیچ کاتێک بەفیڕۆ بدەین."

شارەزایان دەڵێن بەوە دەچێت زیانێکی گیانی زۆری لێکەوتبێتەوە، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کوژرانی 76 کەس و برینداربوونی سەدان کەس پشتڕاست کراوەتەوە.

خڵوسی شاهین، پارێزگاری مەلاتیە بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، زیاتر لە 140 باڵەخانە لە پارێزگاکەی وێرانبوون.

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین بوومەلەرزە تیایدا ڕوودەدات. خراپترین بوومەلەرزە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ساڵی 1999 لە ناوچەی دوزجەی تورکیا ڕوویدا کە گوڕەکەی 7.4 بوو.

لەو بومەلەرزەیەدا زیاتر لە 17 هەزار کەس کوژراون لە ناویاندا 1000 کەس لە ئەستەنبوڵ.

لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 لە شاری ئێلازگی دا و زیاتر لە 40 کەس گیانیان لەدەست دا. لە مانگی 10 ی هەمان ساڵدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.0 دەریای ئیجەی گرتەوە بووە هۆی کوژرانی 114 کەس و بریندار بوونی زیاتر لە هەزار کەس.

سەرچاوە / پەیامنێرانی دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز، فڕانس پرێس، میدیاکانی تورکیا

XS
SM
MD
LG