Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لەمەڕ بوومەلەرزەکەی تورکیا ڕادەگەیەنێت


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لەمەڕ بومەلەرزە بەهێزەکەی تورکیا دەردەبڕێت و ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە تویتێکدا ڕادەگەیەنێت " ئەمەریکا بە قووڵی نیگەرانە لە بومەلەرزە وێرانکارەکەی ئەمڕۆ لە تورکیا و سوریا ڕوویدا."

جەیک سولیڤان لە تویتەکەیدا ڕایشیگەیاند " لە پەیوەندیدام لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تا پێیان ڕابگەیەنم کە ئێمە ئامادەین بۆ دابینکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست. لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا."

بەرە بەیانی ڕۆژی دووشەممە بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 لە تورکیا ڕوویدا و زیانێکی ئێجگاری زۆری لێ کەوتووەتەوە. بە پێی زانیارییە سەرتاییەکان سەدان کەس لە تورکیا گیانیان لە دەستداوە و هەزارانیش بریندار بوون. جگە لە تورکیا لە سوریاش بوومەلەرزەکە زیانی گیانی لێ کەوتووەتەوە.


بە گوێرەی دەزگای چاودێری بوومەلەرزەی ئەمەرریکا چەقی بوومەلەرزەکە بە 30 کیلۆمەتر دوور دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شاری غازی عەنتاب و قوڵایی بوومەلەرزەکە نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە ژێر زەوی بووە.

XS
SM
MD
LG